هەولێر.. ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و توێژەر مامۆستا "حەمە کریم هەورامى"
هەولێر..
ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و توێژەر مامۆستا "حەمە کریم هەورامى"
ئەمڕۆ شەممە 2025.2.15، بە ئامادەبوونى حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ژێرناونیشانى " ئەزموونى قەڵەمێکى هەمیشە ئاوەدا " لەلایەن دامەزراوەى کەریمى عەلەکە، ڕێورەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ نووسەر و توێژەر و پڕۆفیسۆر مامۆستا "حەمە کەریم هەورامى" سازکرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی ئامادەیى ببون، پارێزگاری هەولێر، وێڕایی پیرۆزبایی، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەری لە ناوەندى رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا بەرز نرخاند، ئاماژەشى بەوەدا کە ناوبراو خاوەنی هزر و قەڵەمێکی بە بڕشت و جوان بووە و لە بواری نووسین و بەرهەمی زۆری بڵاو کردۆتەوە و هێشتاش بەردەوامە، و هیوای تەندروستی و لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ خواست.
پاشان، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و وەزیری ڕۆشنبیری ڕێزلێنان و گوڵى وەفاى پێشکەش نووسەر و توێژەر مامۆستا "حەمە کەریم هەورامى" کرا و نوێترین کتێبى بەناونیشانى " دراماى کوردى لە نێو دراما جیهانییەکان " ناسینرا و پێشکەش بەئامادەبووان کرا.
جێگەى باسە، حەمەکەریم هەورامی، نووسەر و پڕۆفیسۆرێکی کوردە خاوەنی چەندین پەرتووک و بابەتی نووسراوە بە زمانی کوردی، ساڵی 1935 لە دێی گولپ لە بناری هەورامان لە دایکبووە هەم لەوێش قۆناغی سەڕەتایی خوێندووە و ساڵی 1963 بەشی شەڕیعەت و قانوونى لە زانکۆی ئەزهەر تەواو کردووە، ساڵی 1956 یەکەم بابەتی لە ڕۆژنامەی ژین بڵاودەکاتەوە، ساڵی 1957 یەکەم چیرۆکی لە گۆڤاری هەتاو بڵاو کردووەتەوە، ساڵی 1992 خانەنشین دەبێت و تاکوو ئێستا 2024 خۆی تەرخانکردووە بۆ خوێندنەوە و نووسین و خاوەنى 30 پەرتووکە یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەڕانی یەکێتی نووسەڕان و کوری زانیاری کورد و لە ساڵی 1971 لە خولی یەکەم سەڕۆکی یەکێتی نووسەڕانى کورد بووە.