پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی، لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان کۆبوونەوە

پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی، لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان کۆبوونەوە


ئەمڕۆ سێشەمە 2021.4.6، ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدیوانی وەزارەت، بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبۆوە.

لەكۆبوونەوەكدا، چەندین تەوەر سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سنووری پارێزگای هەولێر گفتوگۆی لەبارەوەکرا و تیشک خرایە سەر سێكتەرە هەمەجۆرەكانی خزمەتگوزارییەكان.

هاوكات لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر کردەوە بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر و هەمەجۆر لە سێكتەرەكانی (ئاو، ئاوەڕۆ، زیادكردن و پاراستنی رووبەرە سەوزایییەكان، چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك).