پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد

دواى نیوەڕۆى سێشەممە 2022.5.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پیشوازی له‌ ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق كرد.
لەدیدارەکەدا، کەهەریەک لە هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر و ئۆلێگ لڤین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لەهەولێر ئامادەی بوون، تەئکید لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان کرایەوە و هەردولا ئامادەی خۆیان نیشاندا بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ یەکتر، لەوبارەیەشەوە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ هەموو ئەو هاوکاریی و هەماهەنگیەى لەلایەن پارێزگاى هەولێرەوە پێشکەش بە کونسوڵخانەى وڵاتەکەى لەهەولێر کراوە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى جەختى لەسەر پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندیەکان و هەماهەنگی نێوان پارێزگاى هەولێر و کونسوڵخانەى ڕووسیا لەهەولێر کردەوە، هیواى خواست شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە کۆتاییان پێبهێندرێ.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ بەگشتى و گفتوگۆ لەبارەى پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق کرا.