بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، کۆنفرانسێک لەبارەى دەستەبەری کۆمەلایەتی بۆ کرێکاران ئەنجامدرا

بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، کۆنفرانسێک لەبارەى دەستەبەری کۆمەلایەتی بۆ کرێکاران ئەنجامدرا

سەرلەبەیانى رۆژی چوارشەممە 2022.5.11، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بریکارى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و نوێنەرانى ڕیکخراوە مەدەنیەکان و بەریوەبەرى گشتی کارو دەستەبەری کۆمەلایەتی و مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆڕان، ناوەندی رۆشنبیری زانکۆ بە ھەماھەنگی لەگەل بەرێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەلایەتی کۆنفرانسێکی یەک رۆژەى لەژێر ناونیشانی (ووشیار کردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت بە گرنگی دەستەبەری کۆمەلایەتی بۆ کرێکاران) سازدا.
لەدەسپێکى کۆنفرانسەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە گوتارێکدا وێراى دەستخۆشیى لەڕێکخراوى ناوبرا و سەرپەرشتیارانى کۆنفرانسەکە و بەرێوەبەرایەتی گشتی کارو دەستەبەری کۆمەلایەتی، ئاماژەى بە دەستەبەرى مافى کرێکاراندا و جەختى لەوەکردەوە کە پێویست دەکات بەیاسا ڕێکبخرێت، لەوبارەیەشەوە داواى لە پەرلەمانتارانى کوردستان کرد بۆ چارەسەرکردنى هەموو کەم و کوڕى و گرفت و کێشەکانى هەن لەبەردەم دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى و مافلى کرێکاران، یاساى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى هەمواربکرێتەوە، ڕاشیگەیاند: "هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم و دەزگا و دامەزراوەکانى چەندەن گرنگە بۆ دۆزینەوەى دەرفەتى کار، هێندەش، بگرە زیاتر پێویستە هه‌وله‌كان له‌پێناو دەستبەرکردنى کۆمەڵایەتى و مافەکانى کرێکاران بێت".
دواتر چەند پانێلێک لەبارەى گرنگى دەستبەر کردنى کرێکاران لەبوژاندنەوەى کەرتى تایبەت و پاڵپشتى کردنى پڕۆسەى دەستبەرکردنى کۆمەلایەتى و ڕۆڵى ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەهۆشیارکردنەوەى کۆمەڵکادا لەلایەن مامۆستایانى زانکۆ و یاساناس و پسپۆرانى میدیایی و نوینەرانى ریکخراوەکانى کومەڵگاى مەدەنى پێشکەشکرا.
لەکۆتایشدا، لەلایەن پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ئامادەبووان، خەڵاتى ڕێزلێنان بەسەر بەشێک لەخاوەن کار و کۆمپانیاکان دابەشکرا.