لە گەڕەکی سەرکارێز، قوتابخانەیەکى 18 پۆلى کرایەوە
لە گەڕەکی سەرکارێز، قوتابخانەیەکى 18 پۆلى کرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.6.26، لە ژێرچاودێرى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەى 18 پۆلى (ڕەشاد نەجاڕ)ى بنەڕەتى کوڕان لە گەڕەکى سەرکارێزی هەولێر کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، دواى بەسەرکردنەوەى بەش و هۆڵەکانى قوتابخانەکە، پارێزگارى هەولێر لەوتارێک ڕایگەیاند: "وێڕاى پیرۆزبایمان لە قوتابیان و خەڵک و دانیشتوانى گەڕەکى سەرکارێز، خۆشحاڵین بەکردنەوەى ئەم قوتابخانەیە لە شوێنێکى پێویست و گەڕەکێکی هەژارنشین، سوپاس بۆ بنەماڵەی حاجی نەجات یاسین نەجاڕ بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە".
پارێزگارى هەولێر هەروەها گوتى: "بابەتی بەخشین و کاری خێرخوازیی کەلتووری شارەکەمانە، هەولێر و خەڵکی شارەکەشمان بە بەخشین و بەخشندەیی ناسراون، ئەوەش مایەی شانازی هەموو لایەکمانە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەشی کە هاوکارمانن و هاوکارمان بوونە لە ئەنجامدانى کار و پڕۆژەى خێرخوازی لەمشێوەیە و ئومێد دەکەین نموونەیان زۆربێت".