لە هەولێر دەستکرا بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 70 قەرەوێڵەیی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا

لە هەولێر دەستکرا بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 70 قەرەوێڵەیی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا

ئەمڕۆ 2020.3.16 بەئامادەبوونی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و هێمن قادر جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، کارکردن لە پرؤژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 70 قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر دەستیپێکرد.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی دەسپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی، "ئەمڕۆ دەست بە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 70 قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبووانی کرۆنا لە شاری هەولێر کرا، بەناوی خۆم و هەموو خەڵکی هەولێر، سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراو و کۆمپانیا و سەرمایەداران دەکەم کە بەڕاستی مەردانە هاتنە پێش، هەم بۆ دروستکردن و بونیاتنانی ئەم نەخۆشخانەیە، هەم بۆ هاوکاری و یارمەتی دانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە پێویستیان بە یارمەتی و کۆمەک هەیە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانەش دەکەین کە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی باڵەخانەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بکرێن بە نەخۆشخانە، دڵنیایی دەدەینە خەڵکی شاری هەولێر، پەنا بەخوا بارودۆخەکە لەوە زیاتر تێناپەڕێ، ئەگەر خوانەخواستە زیاتریش بوو، ئەوا هیچ نیگەران نەبن، ئێمە هەموو ئامادەکارییەکی تەواومان کردووە".

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "دوای ڕاگەیاندنی هێڵی گەرم بۆ کۆمەک کردن و یارمەتیدانی هەژار و کەم دەرامەتان بە ژمارەی (07502061515) لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕێوشوێنی تایبەتمان گرتۆتەبەر، داواکارم و تکا دەکەین تەنها ئەو هاوڵاتیانەی کە زۆر زۆر پێویستن بە هاوکاری و کۆمەک پەیوەندی بکەن، دڵنیابن لەگەڵ خەڵکی کەم دەرمات و خەڵکی هەژار دەمێنینەوە، کە بەهۆی ڕێگری هاتوچۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار و کەسابەتیان لەدەست داوە، ناهێڵین بە پشتیوانی خەڵکی خێرخواز و سەرمایاداران و چاوکراوە و دڵکراوەی هەولێر پێوستیان بەهیچ هەبێ و بە زووترین کات پێداویستیە سەرەکییەکانیان بۆ دابین دەکەین".

پاشان پارێزگاری هەولێر نەخۆشخانەی ئیماراتی بەسەرکردەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر تایبەت کراوە بە نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگای هەولێر.

جێگەی باسە، وابڕیارە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 70 قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبووانی کرۆنا لەهەولێر لەماوەی 45 تاوەکو 60 ڕۆژ تەواوبکرێت و تەواوی پێداویستی پزیشکی و ئامێرە تایبەتیەکانی بۆ دابین بکرێت، بێجگە لەوەش لەسنووری پارێزگای هەولێر لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان (180) قەرەوێڵە بە هەر سێ نە خۆشخانەی پێشمەرگە و ئیماراتی و فریاکەوتنی ناوەند تەرخانکراوە و پلانی فریگوزاریش دانراوە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر کە 400 قەرەوێڵەیە لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە زووترین کات ئامادەبکرێت.