سەبارەت بە بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە بارەى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاوڵاتییانى هەرێم لە کەرتى تایبەت و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکاران، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.25، سەبارەت بە بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بە ڕێژەى لە 75% بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە کەرتى تایبەت و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و دابینکردنى ئاسایشى کار و نەفەوتانى مافەکانی کرێکاران و چاودێریکردنى خاوەن کار و پڕۆژەکان، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێم، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە (172) و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر میکانیزمى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جەخت لە جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە (172)ى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و ڕێنماییە تایبەتیەکانى کرایەوە. بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران هاوکار و هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى دەستبەرى کۆمەڵایەتى بن لە پێناو لە جێبەجێکردنى بڕیارى ناوبراو لە سەرەتاى ساڵى نوێوە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لە پاراستنى مافى کرێکاران لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان کرایەوە، هەروەها دووپاتکرایەوە کە لە سەر هەموو فەرمانگە و دامەزارەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بەردەوام بن لە چاودێریکردنى خاوەن کار و پڕۆژەکان، لەپێناو دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و دابینکردنى ئاسایشى کار و نەفەوتانى مافى کرێکاران.