بەسەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەلێژنەی بەفرزۆن ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەلێژنەی بەفرزۆن ئەنجامدرا

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە 2020.10.7، لەدیوانی پارێزگای هەولێر، بەسەرپەرشتی هەریەک لە د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێز ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەلێژنەی بەفرزۆن ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هیمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و نوێنەری داواکاری گشتی و ئەندامانی لێژنەی بەفر زۆن ئامادەیی بوون، سەرەتا بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، تیشکی خستەسەر ئەوەی بۆداهاتوو دەخوازین چواردەوری قەڵای هەولێر، بەتایبەت گەڕەکەکانی (تەعجیل، عەرەب، خانەقا) کە کەوتۆتە ناوچەی بەفرزۆن، بەشێواز و دیزاینێکی سەردەمیانە بخرێنە چوارچێوەی بەرنامەی کاری داهاتوو، بۆئەوەی هەولێر لەداهاتوویەکی نزیکدا ببینە قۆناغێکی دیکە ئاوەدانکردنەوە، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بەدڵنییایەوە بۆ ئەمە پێویستە سود لەکەسانی شارەزا و ئەندازیارانی پسپۆڕ لەبواری میژووی و بیناسازیی وەربگرین و وەکو هەموو شارەکانی تری جیهان قوناغ بە قۆناغ هەنگاو بهاوێژین"، پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر، تیشک خرایە سەر ئەوشوێنانەی دەکەوێتە ناوچەکە و تەئکیدی لەوە کرده‌وه‌ کە دەبێت بەپێی نەخشەو دیزاینی سەردەمیانە، بەڵام بەگونجان لەگەڵ سیمای قەڵای هەولێر و مێژووی شاری هەولێر، دەست بەئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بکەین.

دوای گفتوگۆیەکی تیرو تەسەل لەلایەن ئامادەبووانەوە، کۆبوونەوە، پێشنیازی پێکهێنانی فەرمانگەیەکی تایبەت لە کەسانی شارەزا و پسپۆر بەپەسندزانی بۆ دیراسەکردن و پیداچوونەوە بەنەخشەی گەڕەکەکانی (تەعجیل، عەرەب، خانەقا) و ماستەر پلان و ئەو نەخشەسازییەی بۆ ئەو گەرەکان و ناوچەی بەفرزۆن کراوە.