لە هەولێر، هەڵمەتی گەورەی دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەستی پێکرد

لە هەولێر، هەڵمەتی گەورەی دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەستی پێکرد


ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.10.15، د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزرای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندازیارعەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم و بەئامادەبوونی هەریەک لە قایمقامی قەزایی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەری شارەوانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی شارەوانییەکان هەڵمەتی فراوانی دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێکرد.

سەرەتا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "بەناوی وەزارەتی شارەوانی، دەستخۆشی لە ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە دەکەین و پشتگیری لیدەکەین و داواش لەهەموولایەک دەکەین پاک و خاوێنی ژینگەی کوردستان ببپارێزن، هەروەها داواکارین کە دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی تەنها کاری دام و دەزگاکان نەبێت، بەڵکو ببێتە بابەتێکی کەللتوری و هەموو تاکەکانی وڵات تێیدا بەشداربن".

پاشان د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەست دەکەین بەهەڵمەتی پایزەی دارچاندن و بۆ بەهاریش هەڵمەتێکی دیکە ئەنجام دەدەین، بۆ هەڵمەتی ئەمڕۆ بڕیارماندا لەسەروی شەست هەزاردار بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی پارک و باخچەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە سێ شوێنی هەولێر، پشت پارکی منارە و گەڕەکی هەولێری نوێ و گەڕەکی ڕۆشنبیری دەستمان پێکردووە و لەلایەن ئیدارەی پارک و باخچەکانیش ئامادەکاری پێویستکراوە بۆئەوەی هەر هاوڵاتییەک بە هەر بۆنەیەکی خۆشی خۆیانەوەبێت، یان بەبۆنەی لەدایک بوونی منداڵەکانیان وەکو یادەوەرییەک لەو شوێنانەی دیاری کراوە دارێک بچێنن و ساڵانە لەژێر سێبەری ئەو دارەدا یادی بۆنەکانیان بکەنەوە، بەمشێوەیە هەموومان هاوکاردەبین لەبەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و دارچاندن لەشارەکەمان".

پارێزگاری هەولێر، هەروەها ئاماژەیبەوەدا کە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە سەوزایی و چاندنی دار بكەین بەکەللتور و بەشێک لەژیان، تاوەکو بتوانی هەوایەکی پاک و شارێکی جوان ببینین، ڕاشیگەیاند: "بەپێی پێوەری جیهانی ڕێژەی سەوزایی لەشارەکەمان لە19%یە، کەوایە تائێستا ئێمە نەگەیشتووین بەو ڕێژەیەی کە پێویستە هەبێت، هیوادارین لەچەند ساڵی داهاتوودا ئەو ڕێژەیە بەرزبکەینەوەو بیگەێنین بەستانداردی جیهانی، ئەوەش تەنهاو تەنها بە هاوکاری خەڵک دەکرێت، بۆیە هیوادارین لەڕۆژانی داهاتوو هاوڵاتییانی هەولێر ببینین پۆل پۆل ڕوو لەو شوێنانە دەکەن کەدەستنیشانکراوەو داربچێنن، لەئەمڕۆشەوە هەموویان لەماڵەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن و دارێک بچێنن بۆئەوەی شارەکەمان بەزیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و دار جوانتر بکەین، وەک پارێزگای هەولێریش هەموو هەوڵەکانمان خستۆتەگەڕ بۆئەوەی ژمارەی پارک و باخچەکان و ڕێژەی سەوزایی لەسنووری پارێزگاکەمان زیاد بکەین".