بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی ناوشاری هەولێر ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی ناوشاری هەولێر ئەنجامدرا

ئەمڕۆ شەمە 2020.10.17، بەسەرپەرشتی د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش و هێمن قادر جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدالحمید قایمقامی ناوەند و هەریەک لەسەرۆکی شارەوانی و بەڕیوەبەری گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرايەتی هاتووچۆی هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی ناوشاری هەولێر ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا دوای خستنە ڕووی خاڵەکانی کۆبوونەوەی ڕابردوو، باس لە پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی هەولێر بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و شوستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە پردی پەڕینەوەی پیادە هەیە، هەروەها کۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەی ئەو شوێن و شەقامانەکرد کە لەچەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر، لەوبارەیەوە تەئکیدی لەسەر ئەوەکرایەوە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەری ئەو شوێنانە بکرێت.

لەکۆتایشدا د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر نیشاندا سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی هەولێر.