بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، یادی 26 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند ڕەسووڵ گەردی کرایەوە

بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، یادی 26 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند ڕەسووڵ گەردی کرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 2020.10.17، بەئامادەبوونی د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەک دیکە لە هونەرمەندا، لەنزیک پارکی منارە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەهاوکاری بەشی کەلەپوورو هونەرە میللیەکان و ناوەندی حەیرانبێژان، لەمەراسیمێکدا بەدارچاندن یادی 26 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی شاری هەولێر ڕەسووڵ بێزار گەردی بەرز ڕاگرت.

لەمەراسیمەکەدا، د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئەو هونەرمەندە بەڕیزانە، بەشدارین لە مەراسيمی یادی 26 ساڵەی کۆچی دوایی حەیرانبێژو هونەرمەندی مەزنی شارەکەمان مامۆستا ڕەسوڵ بێزار گەردی، دیارە لای هەمووان حەیران بەشێکی گرنگە لە کەللتوری کوردەواری و بۆتە بەشێک لەشاری هەولێر و هەولێریش بەشێک لەحەیران، لەنێو هەموو شارەکانی کوردستانیش هەولێری پایتەخت بەم هونەرە مەزنە دەناسرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ بەشانازییەوە یادی کەڵە هونەرمەندێکی حەیرانبێژی شارەکەمان دەکەینەوە، ئەگەرچی شایەنی زۆر لەوە زیاترە کە بۆی بکرێت، چونکە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی حەیرانی و هونەری کوردی تەرخانکردبوو".

سەبارەت بەجێگە و شێواز و شوێنی مەراسیمەکەش، پارێزگاری هەولێر، وتی: "زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەشی کەلەپوورو هونەرە میللیەکان و ناوەندی حەیرانبێژان دەکەین کە ئەو شوێنەیان هەڵبژارد بۆ سازکردنی ئەو مەراسیمە، ئێرە نزیک پارکی منارە ئەو شوێنەیە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەکو پارێزگای هەولێر دەستنیشانمانکرد بۆئەوەی هەر هاوڵاتییەک بە هەر بۆنەیەکی خۆشی خۆیانەوەبێ یان بەبۆنەی لەدایک بوونی منداڵەکانیان بێت، وەکو یادەوەرییەک لەو شوێنانە دارێک بچێنن و بەناوی ئەو ئازیزانەی خۆی بکەن و ساڵانە لەژێر سێبەری ئەو دارەدا یادی بۆنەکانیان بکەنەوە، خۆشحاڵین ئەمڕۆش بەیادی ئەم کەڵە هونەرمەندە دار دەچێنین و ئەو دارە بەناوی ئەوهونەرمەندە گەورەی شارەکەمان دەکەین، هیوادارین لەئەمڕۆبەدواوە بۆ شادکردنی ڕۆحی هونەرمەندا و دڵخۆشکردنی ئازیزان هەمووان بەیەکەوە ڕوو لەوشوێنانە بکەین کە دیاریمانکردووە و دارێک، نەمامێک بچێنین، بۆئەوەی ڕێژەی سەوزایی لەشارەکەمان بەرزبکەینەوە و هەولێر جوانتر بکەین و ببینە خاوەنی هەوایەکی پاک و شارێکی جوان".