به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ ماڵپه‌ڕى پارێزگاى هه‌ولێر: هیچ په‌نابه‌ر و ئاواره‌یه‌ك به‌ زۆر ناگه‌ڕێنینه‌وه‌ ، تا ئێستاش 369هه‌زار ئاواره‌ له‌ پارێزگای هەولێر بوونیان هه‌یه‌

به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ ماڵپه‌ڕى پارێزگاى هه‌ولێر:   هیچ په‌نابه‌ر و ئاواره‌یه‌ك به‌ زۆر ناگه‌ڕێنینه‌وه‌ ، تا ئێستاش 369هه‌زار ئاواره‌ له‌ پارێزگای هەولێر  بوونیان هه‌یه‌

سروه‌ ڕه‌سوڵ حه‌مه‌ ، به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمى پارێزگاى هه‌ولێر گووتى : ئه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ ئه‌ركى دامه‌زراندنى سیستەمێكى به‌هێزى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یران و كاره‌ساته‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێر و به‌هێز كردنى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانى نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تى و وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان و خێرخوازان لە پارێزگای هەولێر، به‌مه‌به‌ستى سوود وه‌رگرتن له‌ هاوكاری مرۆیی و دروست كردنى تواناى خۆڕاگری..
ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى مرۆیی ئاواره‌كانى سنوری پارێزگاى هه‌ولێر، به‌رێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر گووتى : هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌ ساڵى 2012 شه‌پۆلێكى گه‌وره‌ى په‌نابه‌رى وڵاتى سوریا روویان له‌هه‌رێمى كوردستان كرد ، له‌ ساڵى 2014 ژماره‌ى ئاواره‌و په‌نابه‌ر گه‌یشته‌ دوو ملیۆن كه‌س ، دواى تێپه‌ڕ بوونى زیاتر لە پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌، تاوه‌كو ئێستا له‌ سنوری پارێزگاى هه‌ولێر 369هه‌زار 212كه‌س وه‌ك ئاواره‌و په‌نابه‌ر هه‌ن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوشێوه‌ى هاوڵاتیانى خۆمان كه‌رته‌كانى( ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و هتد..) به‌كار دێنن و پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ك ئه‌ركێكى مرۆیی سەرەڕای کەمبوونەوەی کۆمەکی مرۆیی به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌تكردنى ئه‌وان..
ده‌رباره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران بۆ شوێن وزێدى خۆیان، سروه‌ ره‌سوڵ حه‌مه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمى پارێزگا گووتى : خۆتان ده‌زانن له‌ ماوه‌ى پێشوودا به‌غدا بڕیارێكى ده‌ركرد كه‌ ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدى خۆیان ، ئه‌و ئاوارانەی کە له‌ سنوری پارێزگاى هه‌ولێرن له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ بارودۆخیان سه‌خته‌ و كێشه‌یان زۆرە و پێویسته‌ له‌ ئاستێکی باڵا چاره‌سه‌ر بكرێت له‌بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش سیاسه‌تى ئێمه‌ روون و ئاشكرایه‌ كه‌ هیچ كه‌مپێك داناخه‌ین و كه‌سیش به‌ زۆره‌ملێی ناگه‌ڕێنینه‌وه‌ ، ئه‌م پرسه‌ ئاره‌زوو مه‌ندانه‌یه‌، ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئێمه‌ پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ى ده‌كه‌ین و یارمه‌تیشى ده‌ده‌ین.
ناوبراو راشیگه‌یاند: پارێزگاى هه‌ولێر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵى داوه‌ كه‌ باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ته‌واوى كه‌مپه‌كان بكات ، سه‌ره‌ڕاى كه‌مبوونه‌وه‌ى هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكمان خستۆته‌ گه‌ڕ كه‌ جوانترین خزمه‌تیان پێشكه‌ش بكه‌ین ، ئه‌و خزمه‌تانه‌ى كه‌ بۆ هاوڵاتى خۆمان دابین كراوه‌ ، هه‌مان خزمه‌ت بۆ ئه‌وان دابین ده‌كرێت، بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین له‌ دۆخ و ژیانى ئه‌و ئاوارانه‌ تێبگه‌ن و هاوكاریان بكه‌ن تاوەک و باروودۆخی گوونجاویان بۆ دەڕەخسێت بۆ گەڕانەوە.