پارێزگاری هەولێر ناحییەی عەنکاوەی بەسەرکردەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە 2021.1.10 بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەوبارەکانی ناحییەکە، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی دیوانی پارێزگا، بەڕێوەبەراەیتی ناحییەی عەنکاوەی بەسەرکردەوە.
لەدانیشتنێکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحییە و بەرپرسانی دیکەی ئیداری ناحییەکە، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، وێڕای پیرۆزبایی دەست بەکاربوون لە بەڕێوەبەری ناحییەی عەنکاوە و دەستخۆشی لەبەڕێوەبردنی کارەکانیان ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر بە گرنگییەوە دەڕوانینە عەنکاوە و ئەو ناحیەیەش لەلای ئێمە تایبەتمەندی خۆی هەیە و جەختیشی لەوە دەکەینەوە کە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت هاوکارتانین".
پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت تەئکیدی لەسەر بەردەوامیدان و پەرەپێدان و پاراستنی ئەو برایەتی و پێکەوەژیان و کەش و ھەوا ئازاد و خۆشەویستییە کردەوە کە لە نێوان پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانیدا لەکوردستان بەگشتیی و لەهەولێر بەتایبەتی هەیە، پاشان لە کەم و کوڕی و کێشە و گرفتەکانی دەڤەرەکەی کۆڵییەوە و ئاماژەی بەوەدا وەکو پارێزگای هەولێر هەرچی لە تواناماندا هەبێ بۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بەهاوڵاتیانی ناوچەکە دەیکەین و دڵنیابن درێغی لێ ناکەین.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری ناحییەی عەنکاوە، وێڕای ئەوەی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و شاندی یاوەری کرد، ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئەرکمان قورسە، بەڵام بهدڵنیاییهوه بەهاوکاری و پاڵپشتی ئێوەی بەڕێز دەتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتییان بکەین".