پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێری بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێری بەسەرکردەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە 2021.1.10، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانیان و چۆنیەتی ڕایکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، بەیاوەری هەریەک لە بەڕێزان نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی دیوانی پارێزگا و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێری بەسەرکردەوە.

پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر، لەڕەوشی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراوی کۆڵییەوە و دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیەکە و کارمەندان و فەرمانبەرانی کرد لەئەنجامدانی ئەرک و کارەکانیان و ڕایگەیاند: " ئاشکرایە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هاتە پێش، ئەرک و کارەکانی ئێوە قورستر بوون، بەڵام بەهەوڵ و ماندووبونی ئێوەی بەڕێز و کارمەند و فەرمانبەرانتان توانرا ئەوقۆناغە سەختەش تێپەڕێنن، سوپاس بۆ دڵسۆزی و خەمخۆریتان لەکارەکانتان، وەکو پارێزگای هەولێریش ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکین، هەرچی بە ئێمەش بکرێت لەوبارەیەوە دڵنیابن درێغی لێناکەین".

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر، ویڕای بەخێرهاتن و سوپاسی پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت بۆ بەسەرکردنەوەکەی، ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵین بەو سەردانەی بەڕێزتان، پاڵپشتی و هاوکاری پارێزگای هەولێر بۆ ئێمە ماییەی سوپاس و ستایش و پێزانییە، بەتایبەتی کە لەماوەی ڕابردوودا بەهەموو شێوەیەک و بەبەردەوامی وەک پارێزگا و ئیدارەی شار لەگەڵ ئێمەدا بوونە".

پاشان پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و شاندی یاوەری و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر و بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر، یەکە یەکەی بەش و ژوورەکانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێریان بەسەرکردەوە.