پارێزگاری هەولێر، لەساڵیادی کارەساتی 1ی شوبات، تاجەگوڵی لەسەر گڵکۆی شەهیدانی یەکی شوبات دانا

پارێزگاری هەولێر، لەساڵیادی کارەساتی 1ی شوبات، تاجەگوڵی لەسەر گڵکۆی شەهیدانی یەکی شوبات دانا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە 1ی شوباتی 2021، لەساڵیادی کارەساتی 1ی شوبات، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت، بەیاوەری هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدالحەمید، قائمقامی ناوەند و هەلگۆرد شێخ نەجیب، قائمقامی سۆران و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی ئیداری، لە ڕێوڕەسمێکدا تاجەگوڵینەی پارێزگای هەولێری لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کارەساتی 1ی شوبات دانا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "کارەساتی 1ی شوبات بەر لە17ساڵ بەبێ جیاوازی لەیەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕوویدا، بەداخەوە لەئاکامی ئەو کردەوە تیرۆرستیە خۆکوژیەدا ژمارەیەکی زۆر لەکادیر و سەرکردەی حزب و کادیرانی ئیداری و وەزیر و پارێزگارو مامۆستایانی ئاینی و کاسبکار شەهید و بریندار بوون، ئەمڕۆ ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر هاتووین وەفای خۆمان بۆ شەهیدانی 1ی شوبات دووپاتبکەینەوە و سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین".

1ی شوباتی ساڵی 2004 لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا تیرۆریستان هەر دوو بارەگای لقی2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كردە ئامانج و بەو هۆیەوە 101 كوردستانی كە بەشێكی زۆریان كادیرانی پلە باڵای حزبی و حكومي بوون، شەهید و برینداربوون.