پارێزگاری هەولێر، سەردانی هونەرمەندی گەورە مامۆستا (جەودەت شاکر)ی کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی هونەرمەندی گەورە مامۆستا (جەودەت شاکر)ی کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە 2021.2.27، بە نوێنەرایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ماڵەوە سەردانی هونەرمەندی گەورەی شاری هەولێر و کوردستان مامۆستا (جەودەت شاکر)ی کرد.
پارێزگاری هەولێر، لەسەردانەکەیاندا وێڕای گەیاندنی سڵاو و پەیامی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەنزیکەوە لە دۆخی تەندروستیی هونەرمەندی گەورە مامۆستا (جەودەت شاکر)ی پرسی و هیوای خواست خودای گەورە شیفای بۆ بنێرێ و بەزووترین کات چاک ببێتەوە و بگەڕێتەوە سەر کارە هونەرییەکانی، وەکو پارێزگای هەولێریش ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی نیشاندا.
لەلایەن خۆیەوە، مامۆستا جەودەت شاکر، وێڕای خۆشحاڵی بەسەردانەکەی بەڕێزیان، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێری کرد، ئەم سەردانەی بەڕێزیانی وەک وەفایەکی گەورە بەرامبەر بەو خزمەتەی لەبواری هونەر پێشکەشی کردووە لەقەڵەمدا کە نزیکەی ٥٠ ساڵە بێ پچڕان لە بواری هونەری مۆسیقا و گۆرانیی خزمەتی کوردستان و هەولێر کردووە.