پارێزگاری هەولێر، لە قاوەخانەی کللتوری مەچکۆ پێشوازی لە سەر کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد

پارێزگاری هەولێر، لە قاوەخانەی کللتوری مەچکۆ پێشوازی لە سەر کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە 2021.3.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە قاوەخانەی کللتوری مەچکۆ، پێشوازی لە (ئەحمەد ئەلزاهری) سەر کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەر کونسڵی گشتیی ئیمارات لەهەولێر، پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە بەڕێز ئومێد خۆشناو کرد وەکو پارێزگاری هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و تەئکیدی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوولا کردەوە و خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا کە لەشوێنێکی کەللتوری و مێژووی شاری هەولێر پێشوازی لێکراوە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی خێرهێنانی سەر کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، جەختی لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و کونسڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کردەوە و ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین کە لەشوێنێکی وەها کەللتوری دیدارمان هەبێت، بۆ خەڵکی خۆشمان دەمانەوێت بڵێین تەنها دیوانی پارێزگامان نییە بۆ ئەوەی پیشوازی لە میوانەکانمان بکەین، هەموو شەقام و شوێنێکی ئەوشارە شوێنی کارکردنی ئێمەیە، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر ئامانجمان پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندیە دیبلۆماتیەکانە، بۆیە جگە لەوەی جەخت لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەکەینەوە، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان تۆکمەتر و زیاتر بێت، بۆ ئه‌و پرسه‌ش ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیی و ئاسانکارییەکین".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی، "دەمانەوێت لەبواری کەللتوری و فەرهەنگی و هونەریشەوە لەگەڵ وڵاتی ئیمارات کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە لەو بوارانەدا پەیوەندییەکانمان پەرەپێبدەین پێشی بخەین، هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر زۆر سوپاستان دەکەین کە لەماوەی ڕابردوودا لە سەردەمی کۆرۆنا زۆر هاریکاری هەرێمی کوردستان بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لەوڵاتی ئیمارات دەکەین لە ڕێگەی سندوقی هاریکاری ئەبوزەبی لەبواری تەندروستی و پیداویستییە پزیشکییەکانەوە زیاتر هاوکاریمان بکرێت".

سەر کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، لەوەڵامی داواکاری پارێزگاری هەولێر، دڵنیایدا کە لەڕێگەی سندوقی هاریکاری ئەبوزەبی چی پێویست بێت درێغی لێناکەن و جارێکی تر سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو دیدارە كه‌ لەشوینێکی کەللتوری و مێژووی شاری هەولێر ئەنجامدرا.