پارێزگاری هەولێر، بازاڕی میللی گەڕەکی هەڤاڵانی بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، بازاڕی میللی گەڕەکی هەڤاڵانی بەسەرکردەوە

لەچوارچێوەی سەردانەکانی و بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بازاڕ و نرخی کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و جموجۆڵی کاسبکاران، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەمە 2021.3.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائمقامی ناوەند، بازاڕی میللی گەڕەکی هەڤاڵانی بەسەرکردەوە.

پارێزگاری هەولێر، لەنزیکەوە لە ڕەوشی بازاڕەکەی کۆڵییەوە و گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتییان و کاسبکار و دوکانداران کرد و گوێی لەگلەیی و کەم و کوڕیی و پێداویستیەکانی گرتن و ڕایگەیاند: " بەهەموو شێوەک هاوکارتانین و هەرچی بە ئێمە بکرێت و بتوانین جێبەجێبکەین بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان و هاوشاریانی هەولێر درێغی ناکەین".

پارێزگاری هەولێر، داواشی لە هاوڵاتییان و دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕەکە کرد، لەودۆخە هەستیارەی دووچاری هاتووین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆتان و خێزان و ئازیزانتان ببپارێزن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.