پارێزگاری هەولێر، بازاڕی تەیراوەی بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، بازاڕی تەیراوەی بەسەرکردەوە

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەمە 2021.3.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەزعەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری شارەوانی و بەرپرسی خزمەتگوزاری شارەوانی یەک، بازاڕی میللی گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێری بەسەرکردەوە.

لەبەسەرکردنەوەکەیدا پارێزگاری هەولێر، لەنزیکەوە لە ڕەوشی بازاڕی گەڕەکی تەیراوەی کۆڵییەوە و گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتییان و کاسبکار و دوکاندارانی نێو بازاڕکە کرد و داوای لێیانکرد، لەم دۆخە هەستیارەی کە دووچاری هاتووین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆتان و ئازیزانتان ببپارێزن و پابەندی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بن و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.

سەبارەت بە کەم و کوڕیی و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکی تەیراوە و بازاڕکەش، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی شاری هەولێر و هاوشاریانە خۆمانە بەبێ جیاوازی، لەپارێزگای هەولێریش هاوکارتانین و ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت و بۆمانبکرێت بەدڵنیاییەوە جێبەجێی دەکەین، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە هەموو هەوڵەکانی خۆمان خستۆتەگەڕ تاوەکو باشترین خزمەت پێشکەش بەشارەکەمان بکەین".