لە هەولێر... ماڵێكی هونەرى شێوەکارى کرایەوە
لە هەولێر...
ماڵێكی هونەرى شێوەکارى کرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.1.8، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونی قادر قاچاغ، بەرپرسی پەیمانگای كادیرانی پارتی و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەکى دیكە لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و هونەرمەند و هونەر دۆستان ، لە ڕێورەسمیکدا ماڵی هونەرى هونەرمەندى شێوەکار " دارا محەمەد عەلی " لە خانوویەكی كلتووری كۆڵانی عارەبانی شارى هەولێر كە لەلایەن پارێزگاوە بۆی تەرخانكراوە کرایەوە.
دوای كردنەوەی ماڵە هونەرییەكە و بەسەركردنەوەی بەشەكانی و تابلۆكانی هونەرمەند، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی، دەستخۆشى لە هونەرمەند کرد بۆ کردنەوەى ئەو ماڵە هونەرییە، کە دەبێتە بەشێكی مێژووی و کەلتوورى و هونەرى لە شارى هەولێر و هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواست.
جێگەی باسە:-
- دارا محەمەد عەلی لە ساڵی 1950 لە هەولێر لەدایك بووە
- ساڵی 1974 بەشی شێوەكاری هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواوكردووە.
- مامۆستای هونەر بووە لەپەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە.
- بەشداریکردووە لە دامەزراندن و بەردەوام بونی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، هەروەها گەلەری زاموا لەشاری سلێمانی.
- ئەندامە لە یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان.
- ئەندامە لەیەکێتی ڕۆژنامەنوسانی کوردستان.
- خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان.