پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەکونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەکونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد

ئەمڕۆ سێشەمە 2021.4.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە (جەیمس سۆرنتن) کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان کرد.

لەدیدارەکەدا، باس لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاکرا و تیشک خرایە سەر بارودۆخی تەندروستی ناوچەکە بەگشتیی و کوردستان و ئاماژە بەڕێکار و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا درا، هەروەها هەردوولا تەئکیدیان لەسەر پەرەپێدانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، هیوای خواست وەک چۆن لەڕابردوودا وڵاتی بەریتانیا وەک وڵاتێکی گەورەی جیهان هاوکار و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بووە بەتایبەتی لەسەردەمی "سێر جۆن مەیجۆر"ی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا كە ڕۆڵی دیاری هەبوو لە دەركردنی بڕیاری 688 و دەستنیشانکردنی ھێڵی 36، تا بەئەمڕۆ دەگات کەماییەی ستایشە بەرێزتان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕۆڵی دیارتان هەبوو لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، بەهەمان شێوە بەردەوام بن لە هاوکارکردن و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت.

پارێزگاری هەولێر، هەروەها وتی، "کردنەوەی شەقامێک لەشاری هەولێر بەناوی "سێر جۆن مەیجۆر" پەیامی وه‌فاداری کوردستانیان و خەڵکی شاری هەولێرە بەرامبەر ئەوکەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوکاری کوردستانیان کردووە، کە 30 ساڵ بەرلە ئەمڕۆ ئەگەر دەرکردنی بڕیاری 688 نەبوایە، میلله‌ته‌كه‌مان ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی تر دەبۆوه‌.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر ڕەخساندنی دەرفەتی کاری وەبەرهەمهێنانی سەرمایەگوزار و کۆمپانیا بەریتانییەکان لە هەولێر پایتەخت و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: " لە هەولێر کەشێکی ئارام و لەبار هەیە بۆ کارکردن، هەربۆیە پێتان ڕادەگێنین، دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهەمهێنرانەی وڵاتی بەریتانیا کرایەوە کە دەیانەوێت بێنە هەولێری پایتەخت و وەبەرهێنان بکەن، وەک پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەش دەکەین، دەخوازین بازرگان و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتی بەریتانیا ڕۆڵیان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی زیاتری شاری هەولێر".

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد ڕایگەیاند: "بەدڵنییاییەوە خۆم و هاوکارانم لە کونسڵخانە بەهەموو شێوەیەک هاوکارتانین و دەخوازین ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژوویەی لەنێوان بەریتانیا و کوردستان هەیە پەرەی زیاتری پێبدەین".