پارێزگاری هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 2ی کرد

پارێزگاری هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 2ی کرد

بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونی کاروبارەکان و ڕایکردنی مامامەڵەکانی هاوڵاتییان و چۆنیەتی مامەڵەی فەرمانبەران لە پێشوازیکردنییان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.4.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری عەبدولواحد ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 2ی کرد.

پارێزگاری هەولێر لە سەردانەکەیدا، لەنزیکەوە لە بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی ڕایکردنی مامامەڵەکانی هاوڵاتییان و چۆنیەتی مامەڵەی فەرمانبەران لە پیشوازیکردنيانی کۆڵییەوە و یەکە یەکەی بەشەکانی بەسەرکردوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی کارەکان کرد و گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە مامەڵە و پێشوازیکردنی بەڕێوەبەری شارەوانی و فەرمانبەران و کارمەندانی.

پاشان پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕیوەبردنی کاروبارەکان، جەختی لەسەر پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەران بە دواوامی ئاسایی خۆیان کردەوە و ڕێنمایی بە بەڕێوەبەر و فەرمانبەراندا، جگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بەهەموو شێوەیەک ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و پەرۆشانە بەدەم داواوداخوازییەکان بچن و ڕۆتین کەمبکەنەوە لە ڕێرەوی تەواوکردنی کارەکانیان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "دەبێت ئەو هەستە لەلای هاولاتییانی خۆمان نەهێڵن کاتێک کاری دەکەوێتە فەرمانگەیەکی حکومی یان مامەڵەیەکی هەیە، بەرلەوەی ڕوو لەفەرمانگەکە بکات واهەست بکا کە کارەکەی ناکرێت یان لەکاتی ڕاییکردنی کاروبارەکانیان لەمپەر و گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە تا بۆتان دەکرێت و لەتوانادا هەیە ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و بە یاسا و ڕێنماییە بەردەستەکان کارەکاینیان بۆ ڕایبکەن و ئاسانکاری بکەن و ڕۆتین کەمبکەنەوە، کە بۆتە گرفتی گەورەی هاوڵاتییان".