پارێزگاری هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 3ی کرد

پارێزگاری هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 3ی کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.4.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری عەبدولواحد ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونی کاروبارەکان و ڕایکردنی مامامەڵەکانی هاوڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی3ی کرد.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر، گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە مامەڵە و پێشوازیکردنی بەڕێوەبەری شارەوانی و فەرمانبەران و کارمەندانی و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی ڕایکردنی مامامەڵەکانی کۆڵییەوە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە دەبێت بەڕێوەبەر و فەرمانبەران، جگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و بەدەم داوکاری و داخوازییەکانیان بچن و لەڕاییکردنی کارەکان ڕۆتین کەمکەنەوە.

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "لەفەرمانگە و بەڕیوەبەرایەتیەکانی سنووری پارێزگاکەمان نابێت بەهیچ شێوەیەک هاوڵاتی هەست بەوە بکات کە ئەگەر کاری کەوتە فەرمانگەیەکی حکومی کارەکەی ناکرێت یان دووچاری ئاڵۆزی و ڕۆتینی زۆردەبێت لە جێبەجێکردنی مامەڵەکەی، بۆیە دەبێت بەڕێوەبەران و فەرمانبەر و کارمەندان، ئەوەی لەتوانایاندا هەیە و تا بۆیاندەکرێت ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و پاشان لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەردەستەکان کارەکاینیان ڕایبکەن و ڕۆتین کەمبکەنەوە، کە بۆتە گرفتی گەورەی هاوڵاتییان".