بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەمە 2021.4.17، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەپێناو ڕێکخستنی ھاتوچۆ و پەرەپێدانی هاتووچۆیەکی باشتر و پێشکەوتووتر لە شاری هەولێر، لێژنەی پەرەپێدانی هاتووچۆ، لەدیوانی پارێزگا کۆبۆوە.

لەکۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و نەبەزعەبدالحمید، قایمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرايەتی هاتووچۆی هەولێرئامادەی بوون، باس لە پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی هەولێر بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شەقام و شوستەکان و گفتوگۆ لەبارەی ئەو شوێن و شەقامانە کرا کە لەچەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر و ئەئکید لەسەر ڕێكخستنی شار و شەقام و شۆستە و گۆڕەپانەكان کرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە باشترکردنی ڕێکخستنی هاتووچۆی سەر شەقام و ڕێگەوبانەکان و بەرزکردنەوە کوالێتی خزمەتگوزاریەکانی هاتووچۆ نیشاندا و هەردوولاشی ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکان بۆ کەمکردنەوەی قەرەبالغی و گرفتەکانی ھاتوچۆ لە سەنتەری شاری هەولێر.