پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد

ئەمڕۆ شەمە 2021.5.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تەئکیدکردنەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کۆچبەران و ئاوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرا، لەلایەن خۆیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکاری و یارمەتییەی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە بێ هیچ جیاوازییەک پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران کراوە و ئامادەیی وەزارەتەکەشی نیشاندا بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ پارێزگای هەولێر.

پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "سەرباری دۆخی سەختی ئابووری، وەکو حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر بەردەوام ویستوومانە باشترین خزمەت پێشکەش بە زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار پەنابەر و ئاوارە بکەین، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەولێری پایتەخت هەمیشە پەناگەیەکی ئارام دەبێت بۆ ئاوارە و لێقەومان و هەموو ئەوانەشی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕوو دەکەن شارەکەمان".