لە هەولێر، سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم کرایەوە

لە هەولێر، سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم کرایەوە


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.5.26، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و کوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د.محەمەد ئەلفەلاحی ئەمینداری گشتیی دەستەی مانگیی سووری ئیماراتی و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەحمەد ئەلزاهری کونسولی گشتیی ئیمارات لە هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، لەڕێورەسمێکدا لەهەولێر سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم کە لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی دروستکراوە و دەزگای خێرخوازی بارزانی ئیدارەی دەدات کرایەوە.
دوای دابەشکردنی دیاری بەسەر منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم و بەسەرکردنەوەی سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم کە چەند بەشێکی وەکو میوزیک و وەرزش و هۆڵی دیدار و خواردنگە و نۆرینگەی تایبەت لەخۆ دەگرێت و بەپێی ستانداردی جیهانی و رێنماییە تەندروستییەکان بایەخ بە رەنگ و دیزاینی ناوەوەی ژوورەکانی دراوە، پارێزگاری هەولێر لەبارەی کردنەوەی سەنتەرەکە ڕایگەیاند: "وێڕای سوپاسمان بۆ مانگی سووری ئیماراتی لەدروستکردنی ئەم سەنتەرە کە بە ستاندارد و کوالێتییەکی باش دروستکراوە و هەموو بەشەکانی تایبەت بەم نەخۆشییەی تێدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە منداڵانی تووشوی ئۆتیزم و تالاسیمیا لەهەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت ڕۆژانە ژمارەیان لەهەڵکشانە، بێگومان لەگەڵ زیادبوونی ئەو ژمارانەش بەدڵنییایەوە پێویستمان بەچەندین سەنتەری لەوجۆرەهەیە، تاوەکو بتوانی لەهەردوو لایەن خزمەتی ئەو منداڵانە بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش وەکو پارێزگای هەولێر لەبەرنامەماندایە بەهەرجۆرێک بێت ژمارەی ئەو سەنتەرانە لەناوشار و دەروبەری شار زیاد بکەین، بەخۆشحاڵییەوە دەتوانین ڕایبگەێنین کە لەماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی دیکەی هاوشێوەی ئەم سەنتەر لەشاری هەولێر دەکەینەوە ".
پارێزگاری هەولێر وتیشی: "جارێکی تر بەپێویستی دەزانین دەستخۆشیی لەمانگی سووری ئیماراتی بکەین کە لەهەموو بوارەکاندا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بێگومان کردنەوەی ئەم سەنتەرەش خزمەتێکی گەورە بەو منداڵ و بنەماڵانە دەکات کە پێویستیانە بەو سەنتەرە هەیە".
جێگەی باسە، نەخۆشی ئۆتیزم بریتییە لە تێکچوونی باری گەشەکردنی ئەقڵ و نیشانەکانیشی لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا دەردەکەوێت، کە کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت لەرووی چالاکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی بەدەوروبەرەوە بەجۆرێک تووشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە لەتەمەنی ھەرزەکاریدا کێشەی قسەکردن و چەند گرفتێکی دیکەیان دەبێت.