پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە عیسمەت میر تەحسین بەگ کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە عیسمەت میر تەحسین بەگ کرد



ئەمشەو سێشەمە 2021.6.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە عیسمەت میر تەحسین بەگ، کوڕی میر تەحسین بەگ، میری کوچکردووی ئێزدییان لە جیهان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەدیدارەکەدا، عیسمەت میر تەحسین بەگ، بەناوی خۆی و ئێزدییەکانەوە سوپاس و ستایشی پارێزگاری هەولێری کرد لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و کۆمەکەی بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی ئاوارەکانی كه‌مپی شاریا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێزیان ڕەوانەی کەمپی ناوبراو کراوە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "ئەوەی کراوە ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێکردووە، بەهانەوەچوون و یارمەتی دانی ئاوارە و لێقەوماوان لەئەولەویەتی کارکانمانە، ئێستاش وەکو پارێزگای هەولێر ئامادەین چی پێویست بێت بۆ زیانلێكه‌وتووانی کەمپی شاریا ئەنجامی بدەین".

جێگەی باسە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 2021.6.4، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی ئاوارەکانی كه‌مپی شاریا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك کە بەهۆی شۆرتی كاره‌با ئاگر لەکەمپەکە کەوتەوە و بەوهۆیەوە نزیکەی 200 خێوه‌تی ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كه‌ سووتا و زەرەو زیانێکی زۆری مادیی لێکەوتەوە، بەڕێوەبەرایەتی EJCC/ پارێزگای هەولێر بەهاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بە هەماهەنگی JCC/ وەزراەتی ناوخۆ، (250) خێمە و (250) فێنککەرەوە(مبردە) و (5000) بەتانی و (3000) کارتۆن زەیت و (250) کارتۆن کەلوپەل و پێداویستی منداڵان و (3600) کەل و پەلی پاککەرەوەیان وه‌ك هاوكاری و كۆمه‌ك بۆ زیانلێکەوتووانی کەمپەکە ڕەوانەی کەمپی شاریا کرد کە دەکەوێتە باشووری شاری دهۆک و نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە و نزیکەی چوار هەزار خێوەتی تێدایە.