پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووە

پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووە


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.6.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و یاریدەری پارێزگار و قائیمقامی ناوەند، لەدیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، تیشکشی خستە سەر مەبەستی سەرەکی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاند: "بەپێویستی دەزانم بەرلەهەموو شتێ دەستخۆشی لە ماندووبوونی یەکە یەکەتان بکەین کە لەماوەی ڕابردوودا سەرباری ئەو دۆخە داراییە سەختە و ئەو ڕەوشەی بەهۆی کۆرۆنا هەبووە، کارەکانی خۆتان ئەنجامداوە و بە ئەرک و بەپرسیارەتی سەرشانی خۆتان هەڵساون، لەگەڵ ئەوەدا بە پێیوستی دەزانین بەرچاوو ڕوونیتان پێشکەشبکەین سەبارەت بەو پرۆژە خزمەتگوزاری و کارانەی کە لەمنزیکانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکی یەکسان لەسەرجەم گوند و ناحییە و قەزاکان لە هەموو سێکتەرەکان پێشکەشی هاوڵاتییانی دەکرێت چی ئەو پڕۆژانەی بەهۆی کۆرۆنا و کەرەنتین و سەختى دۆخی دارایی وستێنرابوون، یاخود ئەو پڕۆژانەی بە ئیمکانیاتێکی دیاریکراو لەنوێوە دەستیان پێدەکرێت".

پاشان پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر بەرنامەی کار و پلانی پارێزگا لە بوارەجیاجیاکان و جەختی لەسەر ڕێزگرتنی هاوڵاتی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاونیشتیمانیان لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و پارێزگارییکردن لە فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت و بەردەوامیدان بە نەهێڵانی سەرپێچیی و زێدەڕۆیی بۆ سەرموڵکی گشتیی کردەوە.

لەکۆتایشدا لەلایەن ئامادەبووانەوە جگە لەخستنە ڕووی ڕاو سەرنج و تێبینی لەسەر خاڵە سەرکیەکانی کۆبوونەوە، باس لە کەم و کوڕی و پێداویستیەکان کرا کە لەبەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا هەیە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئەوەی جارێکی تر تەئکیدی لەسەر هەموو پاڵپشتی و هاوکاریەک کردەوە، دڵنییای کردنەوە ئەوەی لەتوانا دابێت درێغی لێناکرێ و بۆیان جێبەجێ دەکرێت.