پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێكی باڵای رێكخراوی هابیتات كرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێكی باڵای رێكخراوی هابیتات كرد


نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمە 2021.6.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لەبارەگای ڕێکخراوی فرەمەبەستی کۆمەڵگای کورانی عەنکاوە، پێشوازی لە شاندێكی باڵای رێكخراوی هابیتات بە سەرۆکایەتی خاتوو (مەیمونه محمەد شەریف) بریکاری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی UN-HABITAT و ئەندامیەتی هەریەک لە (نیل خور) سەرۆکی دەستەی گشتیی و (د.عیرفان عەلی) بەڕێوەبەری هەرێمی هابیتان لە وڵاتانی عەرەبی و (وائیل ئەشهاب) سەرۆکی بەرنامەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەكان و خاتوو (ئانا سۆڤێ) سەرۆکی نووسینگەی هەرێمی کوردستانی عێراق له هەولێر کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، بریکاری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی UN-HABITAT، وێڕای سوپاسی بۆ پارێزگاری هەولێر، مەبەستی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت ڕاگەیاند، کەئامانج لێی پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندی و ئاستی هاوكاری و هەماهەنگییەكانیانە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، زۆر بەگەرمی بەخێرهێنانی بەڕێزیان و شاندی میوانی کرد و سەرجەم ئەو هاوكاریی و هەماهەنگیی و پڕۆژانەشی کە لەماوەی پێشوودا ڕێکخراوی ناوبراو لەبوارە جیاجیاکانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لەسێكتەری هەمەجۆرەکاندا لەسنووری پارێزگای هەولێر پێشكەشیانکردووە بەرزنرخاند و تەئکیدی لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پارێزگای هەولێر و ڕێکخراوی UN-HABITAT کردەوە.