پارێزگاری هەولێر سەردانی قائیمقامیەتی قەزایی سۆرانى کرد

پارێزگاری هەولێر سەردانی قائیمقامیەتی قەزایی سۆرانى کرد


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.6.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، سەردانی قایمقامیەتی قەزایی سۆرانى کرد و له‌گه‌ڵ هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، قائیمقامى قه‌زایى سۆران و بەرێوەبەرانی ناحییە و بەرپرسانی ئیدارەی قەزاکە و به‌شێك له‌ ئەفسەر و پلەدارانی هێزەکانی ناوخۆی قەزاکە كۆبۆوه‌.

لەکۆبوونەوه‌کدا، سه‌ره‌تا باس لەڕەوشی دەڤەرەکە بەگشتیی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان کرا و تیشک خرایەسەر کەم و کوڕی و پێداویستی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، پاشان جەخت لەسەر ئەرک و جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێنماییەکان و چارەسەرکردن و دابینکردنی کەم و کوڕی و پێداویستییەکان کرایەوە.

له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە قائیمقام و بەرپرسانی ناوچەکە به‌گشتیى و لەڕێگەی ئەوانیشەوە لە فەرمانبەرانی دەڤەرەکە کرد و ڕایگه‌یاند: "ماییه‌ی شانازییه‌ کە سنووری پارێزگاى هه‌ولێر سەرباری دۆخی سەختی دارایی و ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەهۆی کۆرۆنا هه‌بووه‌، بەڵام فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنووری پارێزگاكه‌مان توانیویانە تاڕادەیەکی باش ئه‌رك و کارەکان و پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ئیدارییەکان بەباشی به‌ڕێوەببەن"، پارێزگای هەولێر هه‌روه‌ها جگه‌ له‌تەئکیدكردنه‌وه‌ لەیەک تیمی کارکردنی دام دەزگاکانی قەزاکە و خزمەتکردن و ڕێزگرتنی هاوڵاتییان، ڕایگه‌یاند: "وه‌كو حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و پارێزگاى هه‌ولێر، خزمه‌تكردنی هاولاتییان و ڕیزگرتن له‌ هاولاتییان سه‌نته‌ری كاری ئێمه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌رجه‌م دام و دەزگاکانی سنوورى پارێزگاكه‌مان، ڕۆتین کەمبكرێته‌وه‌ و لەڕاییکردنی کاروبار و جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاوڵاتییاندا به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ به‌ده‌م داواو داخوازییه‌كانیان بڕۆن".

پاشان پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەده‌ستكردنه‌وه‌ به‌پڕۆژه‌كان له‌ سنووری پاریزگاى هه‌ولێر و خزمەتکردنی هاوڵاتییان و گەیاندنی پڕۆژه‌ خزمەتگوزارییه‌كان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ كه‌مترین ده‌ستیى خزمه‌تگوزارییان پیگه‌یشتوو، ڕایگه‌یاند: "لەچوارچێوەی دەستکردنەوە بە پڕۆژەکان و پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بەبڕی (4,500,000,000) چوارملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار، لەسنووری قەزایی سۆران ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و بەشێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لەناوەندی قەزا و گوند و ناحییەکان، کە بەشێک له‌ پرۆژانه‌ش پڕۆژه‌ی تەواونەکراون و ئه‌وانیتریش پرۆژەی نوێن، ئومێد ده‌كه‌ین بتوانین له‌داهاتوودا خزمه‌تى پترى ئه‌و شاره‌بكه‌ین، چونكه‌ به‌هه‌ق ئه‌وشاره‌ پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ زیاتر خزمه‌تی بكرێت، ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌وه‌ی له‌تواناماندابێت و بتوانین ئه‌نجامی بده‌ین، دڵنییابن به‌بێ درێغی و به‌ زیاتر بۆتانى جێبه‌جێی ده‌كه‌ین".