لەسنووری قەزایی مێرگەسۆر، بەبڕی زیاتر لە ملیارێک دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی دەست پێ دەکات

لەسنووری قەزایی مێرگەسۆر، بەبڕی زیاتر لە ملیارێک دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی دەست پێ دەکات


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمە 2021.7.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار، سەردانی قایمقامیەتی قەزایی مێرگەسۆری کرد و له‌گه‌ڵ غەفور ئەحمەد، قائیمقامى قه‌زایى مێرگەسۆر و بەرێوەبەرانی ناحییە و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە و به‌شێك له‌ ئەفسەر و پلەدارانی هێزەکانی ناوخۆی قەزاکە كۆبۆوه‌.

لەکۆبوونەوه‌کدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە قائیمقام و بەرپرسانی ناوچەکە به‌گشتیى و لەڕێگەی ئەوانیشەوە فەرمانبەرانی دەڤەرەکە کرد، کە سەرباری دۆخی سەختی دارایی و ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەهۆی کۆرۆنا هه‌بووه‌، بەڵام توانیویانە تاڕادەیەکی باش ئه‌رك و کارەکانیان بەباشی به‌ڕێوەببەن".

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەی لەبەردەستمان دایە بۆ ئەم دەڤەر پڕۆژەی زیاترمان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی دەڤەرەکە بکەین و ڕایگەیاند: "ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە لەنێویشیدا هاوڵاتییانی ئەو دەڤەرە کەشایەنی ئەوەن خزمەتی زیاتریان پێشکەشبکرێت، دەڤەرێک چەندین جار وێرانکرابێت و کۆمەڵێک ماڵوێرانی بینیبێ و قوربانی زۆر گەورەی دابێت، بەدڵنییایەوە شایەنی خزمەتکردنە و ئێمەش بەشانازییەوە خزمەتی بکەین".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "لەچوارچێوەی کارنامەی حکومەت و ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە ڕاسپێردرواین خزمەتی خەڵک بکەین، ئەگەر لە ئێستاش نەتوانین وەک پێویست لەودۆخە داراییەی هەیە وەک خزمەتبکەین، بەڵام بۆ ئایندە بە تەئکید پلان و بەرنامەمان هەیە لەتەواوی سنووری پارێزگای هەولێر ئەو خزمەتانە پێشکە بکەین".

پاشان سەبارەت بەده‌ستكردنه‌وه‌ به‌پڕۆژه‌ خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرەکە و خزمەتکردنی هاوڵاتییانی لەچوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "بەبڕی (1,16,000,000) ملیارێک و شازدە ملیۆن دینار، لەسنووری قەزایی مێرگەسۆر ده‌ست ده‌كرێتەوە به‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان لەناوەندی قەزا و گوند و ناحییەکان، کە بەشێک له‌و پرۆژانه‌ش پڕۆژه‌ی تەواونەکراون و ئه‌وانیتریش پرۆژەی نوێن، ئومێد ده‌كه‌ین بتوانین له‌داهاتوودا خزمه‌تى پترى ئه‌و دەڤەرەبكه‌ین".

لەکۆتایشدا، وێڕای ئەوەی باس لەڕەوشی دەڤەرەکە بەگشتیی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان و کەم و کوڕی و پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان کرا، جەخت لەسەر چارەسەرکردن و دابینکردنی کەم و کوڕی و پێداویستییەکانی فەرمانگە و دام و دەزگاکان کرایەوە.