پارێزگاری هه‌ولێر، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد له‌زووترین كاتدا چاره‌سه‌ری کێشه‌ى دابینکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان بكه‌ن

پارێزگاری هه‌ولێر، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد له‌زووترین كاتدا چاره‌سه‌ری کێشه‌ى دابینکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان بكه‌ن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2021.7.3، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و ئارى ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوی ژێرزه‌ویی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵ و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ژێرزه‌ویی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC/ پارێزگاى هه‌ولێر و به‌رپرسی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان، له‌ديوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت به‌كه‌می ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان له‌به‌شێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر و ڕووبەڕووبونەوەی قه‌یرانه‌كانى ووشکەساڵی و کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە دیوانی پارێزگا ئه‌نجامدرا.

له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر خێڕا چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ كرده‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای له‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كرد هه‌نگاوی كرده‌يى و خێرا له‌وباره‌یه‌وه‌ بگرنه‌به‌ر، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا له‌ فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌بوونی ئاوی گه‌ڕه‌ك و كێشه‌كانی كه‌می ئاو و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ووشكه‌ساڵی و داڕشتنی پلانی درێژخایه‌ن بۆ ئه‌م پڕسه‌ كرده‌وه‌.

دوا بەدوایی گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونەکانی ئاماده‌بووان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌م ئاوی هاوڵاتییان و ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانه‌كانی ووشکە ساڵی و خستنه‌ ڕووی چه‌ند پێشنیارێك، كۆبوونه‌وه‌ جگه‌ له‌ پێكهێنانى لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ دیراسه‌كردن و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان چه‌ند بڕیارێكی ترى پێویستیدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كێشه‌كانی كه‌می ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌پێویستیشی زانی هاوڵاتییانیش هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌ به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رپێچی له‌سه‌ر تۆره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر سەرجەم لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد له‌زووترین كاتدا ده‌ستبكه‌ن به‌ چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ى دابینکردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌م و بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی بیره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ی گه‌ره‌كه‌كان و جێبەجێکردنی به‌رنامه‌ و پلانی ڕووبەڕووبونەوەی ووشکەساڵی لەسنووری پارێزگای هه‌ولێر.