پارێزگاری هەولێر، سه‌ردانى بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێری کرد

پارێزگاری هەولێر، سه‌ردانى بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێری کرد


سەرلەبەیانی ئەمڕۆچوارشەمە 2021.7.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرى پارێزگار، سه‌ردانى بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هه‌ولێرى كرد و لەلایەن زه‌رده‌شت سه‌رسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆکانی هه‌ولێر پێشوازی لێکرا.

لەسه‌ردانه‌كه‌يدا، پارێزگاری هەولێر، دواى ئه‌وه‌ى سه‌ردانى يه‌كه‌ يه‌كه‌ به‌شه‌كانى كرد و له‌نزيكه‌ له‌ره‌وشى چۆنيه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى كاروباره‌كانى كۆڵييه‌وه‌، ته‌ئكيد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دەبێت هەموو لایەک به‌يه‌كه‌وه‌ وه‌ك یەک تیم بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان و دانیشتوانی شارى هه‌ولێر بەبێ جیاوازی کاربکەن و هەموو هەوڵێکتان بخەنەگەڕ بۆ خزمەتکردن و ڕێزگرتنی هاوڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەڕاییکردنی کاروبار و جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان.

پارێزگارى هه‌ولێر، هه‌روه‌ها تیشکی خستە سەر ئەو پلان و بەرنامە و نەخشەڕێگایەی ئامادەکراوە سەبارەت بە ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ووشکەساڵی و بەرگرتن لە دۆخی مەترسیەکانی و چاره‌سه‌رى كه‌م ئاوى له‌به‌شێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر، لەوبارەیەشەوە ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌ران و تيمه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ناوبراوكرد كه‌ به‌ڕێك و پێكى ئه‌رك و كاره‌كانيان ئه‌نجامداوه‌ و ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر، بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین"

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆکانی هه‌ولێر، سوپاسی پارێزگاری هەولێرى کرد بۆ سەردانەکەیان و ڕایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە هەروەک چۆن لەڕابردوودا کارمان کردووە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییانی شاری هەولێر، لەداهاتووشدا به‌هه‌مانجۆرە و بگرە زیاتریش لەخزمەت هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێردا دەبین".