به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و پارێزگارى هه‌ولێر، ستۆدیۆی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی لە هەولێر کرایەوە

به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و پارێزگارى هه‌ولێر، ستۆدیۆی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی لە هەولێر کرایەوە

سه‌رله‌به‌یانى ئەمرۆ سێشەمە 2021.8.17، به‌ئاماده‌بوونى ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و به‌شدار عه‌بدولخالق، به‌ڕێوبه‌رى گشتیى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر و نوێنەرانی هەردوو رێکخراوی یونسێف و یونسکۆ، ستۆدیۆی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی لە شاری هەولێر کرایه‌وه‌ و به‌فه‌رمى ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌ستى به‌ په‌خشى به‌رنامه‌ و پرۆگرامه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانى خۆى كرد.

دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى به‌شه‌كانى كه‌ناڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگارى هه‌ولێر و وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و نوێنەرانی هەردوو رێکخراوی یونسێف و یونسکۆ، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە ستاف و بەڕێوەبەری ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی پەروەردە، هیواى خواست قوتابیان و خوێندکاران سوود لەم كه‌ناڵه‌ و وانە تۆمارکراوەکان و بەرنامە پەروەردەییەکانى وه‌ربگرن و تەلەفزیۆن و ڕادیۆیى سه‌ره‌تاسه‌رى په‌روه‌رده‌ خزمه‌تێكى گه‌وره‌یان پێشكه‌ش بكات و ببێتە سەرچاوەیه‌كى گرنگ بۆیان، ڕاشیگه‌یاند: "وێڕاى ده‌ست خۆشىمان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر سوپاسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ين بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره‌، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌ردوو ڕێكخراوى یونسێف و یونسکۆش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وانیش هاوكارى كردنه‌وه‌ و پشتگیرى ئه‌م كه‌ناڵه‌ بوونه‌، ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ و پلانه‌كانمادا گرنگه‌كى تایبه‌ت به‌و كه‌ناڵه‌ ده‌ده‌ین كه‌ ئاسانكارییه‌كى زۆر پێشكه‌ش به‌ قوتابیان و خوێندکاران ده‌كات و له‌بوارى په‌روه‌رده‌یدا ئه‌م كه‌ناڵه‌ گرنگى و ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌ى دیار و به‌رچاووى خۆى ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پسپۆران و مامۆستایان له‌نێو هۆڵى قوتابخانه‌كاندا ده‌توانن وانه‌ بۆ چه‌ند قوتابیه‌ك بڵێنه‌وه‌ ئه‌وا لێره‌ و له‌م ڕاديۆيه‌ و له‌ڕێگه‌ى په‌خشى ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌توانن سود به‌سه‌دان و به‌هه‌زاران قوتابی و خوێندكاران بگه‌ێنن، به‌تایبه‌تى ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ى له‌ڕووى بارى ئابوورییه‌وه‌ تواناى ئه‌وه‌یان نییه‌ مامۆستاى تایبه‌ت بۆ وانه‌كانیان بگرن".