پارێزگارى هه‌ولێر: "لە قەزای چۆمان به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و 837 ملیۆن دینار (14) پڕۆژەى خزمه‌تگوزارى جێبەجێ دەکرێت"

پارێزگارى هه‌ولێر:


ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى په‌ره‌پێدانی پارێزگا و له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر له‌ سنووری ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و ناوه‌ندى قه‌زايى چۆمان، (14) پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری راگه‌یه‌ند كه‌ به‌ گوژمه‌ی (1,837,000,000) ملیارێك و هه‌شت سه‌د و سى و حه‌فت ​ملیۆن دینار خراونه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كار و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌.

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆش شه‌مه‌ 2021.8.21، له‌ده‌سپێكردنى پڕۆژه‌كان، له‌ژێرچاودێرى و ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر و به‌به‌شدارى هه‌ریه‌ك له‌ حه‌سه‌ن حه‌دۆ، به‌رپرسى لقى 26ى گوڵانى پارتى دیموكراتى كوردستان و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرى پارێزگار و سواره‌ ئه‌كره‌م، قائیمقامی قه‌زایى چۆمان و سه‌رتیپ خالید، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى شاره‌وانییه‌كان و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌به‌رپرسانى ئیدارى و حكومى ده‌ڤه‌ره‌كه‌، به‌ردى بناغه‌ى (کۆنکرێت کردنی شەقامە ناوخۆییه‌كانى چۆمان) دانرا كه‌ به‌ گوژمه‌ى (718,960,000) حه‌فت سه‌د و هه‌ژده‌ ملیۆن و نوسه‌د و شه‌ست هه‌زار دینار له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (كاكه‌) به‌ماوه‌ى (250) ڕۆژ جێبه‌جێده‌كرێت.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "(14) پڕۆژەى خزمه‌تگوزارى لە سنووری قەزای چۆمان جێبەجێ دەکرێت به‌ گوژمه‌ی (1,837,000,000) ملیارێك و هه‌شت سه‌د و سى و حه‌فت ​ملیۆن دینار، پڕۆژه‌كانیش بریتین له‌ ڕێگا و بان، كۆنكرێت و قیرتاوكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كان، ئه‌وانی تریش پڕۆژه‌ی دیواری پاڵپشت، پردی بچووك، قه‌نته‌ره‌ و ئاوه‌ڕۆ، ئەمڕۆش بەردی بناغەی یەکێک لەو پڕۆژانە دانرا، کە بریتییە لە کۆنکرێت کردنی شەقامەکان و ئاوەڕۆ و جۆگەلەکانی، ئومێد دەکەین لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانه‌کانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مه‌سرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هه‌رێمى كوردستان، خزمەتی زیاتری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بکەین".

دواتر پارێزگارى هه‌ولێر به‌ياوه‌رى به‌رپرسانى ديكه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كانى به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئيستادا كاريان لێده‌كرێت.