پارێزگارى هه‌ولێر، پێشوازى له جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان كرد
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه 2021.9.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، به‌ئاماده‌بوونى نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەند، له‌دیوانى پارێزگا، پێشوازی له د.هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه پێكهاتبوو له ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پەرلەمانى كوردستان.
لە سه‌ره‌تاى دیدارێکدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وێڕای دەربڕینی پشتگیری و پشتیوانیی پەرلەمان بۆ کارەکارەکانی پارێزگای هەولێر، جه‌ختی لە بەداوادچوون و چاودێریکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاكان كرده‌وه لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە سەرجەم سێکتەرەکان بۆ هاووڵاتییان و بە دەنگەوەچوونی خواست و داواکارییهكانیان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى به‌گه‌رمى به‌خێرهێنانى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و شاندى یاوهريان، سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری پارێزگای هەولێر بە هەموو قەزا و ناحییە و گونده‌کان و گەیاندنی خزمەتگورارییە گشتییەکان بەشێوەی دادپەروەرانە بۆ ته‌واوى سنووری پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: "پرۆسەی گەیاندنی پڕۆژه خزمەتگوزارییەکان لە هەموو سێکتەره جیاوازه‌كان بەردەوامه و ئامانجى ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر، گه‌یاندنى خزمه‌تگوزاریی زیاتره به هەموو چین و توێژەکان به‌بێ جیاوازى".