له‌ژێرچاودێرى پارێزگارى هه‌ولێر، به‌گوژمه‌ى زیاتر له‌ 900 مليۆن دینار، به‌ردى بناغه‌ى 8 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له‌ گونده‌كانى سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ دانرا

له‌ژێرچاودێرى پارێزگارى هه‌ولێر، به‌گوژمه‌ى زیاتر له‌ 900 مليۆن دینار، به‌ردى بناغه‌ى 8 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له‌ گونده‌كانى سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ دانرا


نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 2021.9.13، له‌ژێرچاودێرى و به‌ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان، له‌ڕێوره‌سمێكدا به‌ردى بناغه‌ى 8 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى به‌ گوژمه‌ى (961,147,520,000) نۆسه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن و سه‌د و چل و حه‌وت ملیۆن و پێنجسه‌د و بیست هه‌زار دینار له‌ گونده‌كانى سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ دانرا، كه‌ بریتین له‌ (دروستكردنی قوتابخانه‌ی 6 پۆلی لە گوندی كەور، دروستكردنی قوتابخانەی 6 پۆلی لەگوندی شەمشوله، دروستكردنی یاریگای ته‌رجان، ته‌واوكردنی هۆڵی زاگه، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ته ندروستی صفه‌یه، دروستكردنەوەی سەرلەنوێى قوتابخانەی سنوور له گوندی صفه‌یه، تانكی و بیری ئاو له گوندی ته‌راش، چاكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ڕێگای نوغه ران-چالوك).

له‌ڕێو ره‌سمه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كرمانج عبدوڵا، به‌رپرسى لقى 23 ى قه‌ره‌چوغى پارتى دیموكراتى كوردستان و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرى پارێزگارى هه‌ولێر و سیروان ڕۆژبه‌یانى، جێگرى پارێزگارى نه‌ینه‌وا و په‌رله‌مانتارانى ناوچه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ى گوێڕ و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ به‌رپرسانى ناوچه‌ و سه‌رۆك هۆز و هاوڵاتییان ئاماده‌ى بوون، پارێزگارى هه‌ولێر له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاند: "خۆشحاڵێن ئه‌مڕۆ له‌ڕێوره‌سمى دانانى 8 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ به‌شدارین، كه‌ به‌نزیكه‌ى یه‌ك ملیار دینار له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى OPHIKL جێبه‌جێده‌كرێت".

پارێزگارى هه‌ولێر هه‌روه‌ها وتى: "بۆ ئێمه‌ وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر، سنوورى ناحییه‌ى گوێڕ و ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێى ده‌گوترێت ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم جێگه‌ى گرنگ و بایه‌خدارن، هه‌میشه‌ش جه‌نابى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاره‌كانى تر ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مه‌غدوریه‌تى له‌ماوه‌ى چه‌ندین ساڵى ڕابردوودا له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌، ببین به‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ركردنى و به‌گه‌یاندنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌و مه‌غدوریه‌ته‌ نه‌هێڵین، بۆیه‌ لێره‌وه‌ جارێكى تر هاوڵاتییانى ئه‌م سنووره‌ دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر، ئامانجمانه‌ له‌ئاینده‌دا خزمه‌تگوزارى زیاتر و باشتر و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌تر پێشكه‌ش به‌و ناوچانه‌ بكه‌ین كه‌ شایسته‌ى خزمه‌تكردنى زۆر زیاترن".

له‌كۆتایشدا له‌لایه‌ن پارێزگارى هه‌ولێر و به‌رپرسى لقى 23ى قه‌ره‌چوغى پارتى دیموكراتى كوردستان و جێگرى پارێزگارى هه‌ولێر و جێگرى پارێزگارى نه‌ینه‌وا و په‌رله‌مانتارانى ناوچه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ى گوێڕ و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ به‌رپرسانى ناوچه‌، به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كان به‌سه‌ركرایه‌وه‌.