به‌گوژمه‌ى (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار به‌ردى بناغه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌ىه‌ك له‌ ڕواندز دانرا

به‌گوژمه‌ى (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار به‌ردى بناغه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌ىه‌ك له‌ ڕواندز دانرا



له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگا و لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، به‌گوژمه‌ى (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار، لەسنووری قەزایی ڕەواندز دەست بە ئەنجامدانی چه‌ند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی كراوه‌، له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا دواى نیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە 2021.9.14، له‌ژێر چاودێرى و به‌ ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، به‌گوژمه‌ى (450,206,250) چوارسه‌د و په‌نجا ملیۆن و دووسه‌د و شه‌ش هه‌زار و دووسه‌د و په‌نجا دینار له‌سه‌ر بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ڕێوره‌سمێكدا به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌ى كۆنكرێتكردنى شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان له‌قه‌زایى ڕواندز و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كۆنكریتكردنى چه‌ند شه‌قامێكى لاوه‌كى له‌ سنوورى ناحییه‌ى وه‌رتێ دانرا، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (په‌یكار) جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ش (240) ڕۆژه‌.

له‌ڕێو ره‌سمه‌كه‌دا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عەبدولواحد ڕواندزی، بەرپرسی لقی10ی سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئه‌حمه‌د قادر، قائیمقامى ڕواندز و ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د، یاریده‌رى پارێزگار، ئاماده‌ی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر وێڕاى پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵكى قه‌زایى ڕواندز و ناحییه‌ى وه‌رتێ بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م پڕۆژانه‌، ڕایگه‌یاند: "لەچوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، بە بڕی (1,500,000,000) ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار، لەسنووری قەزایی ڕەواندز بەشێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لەناوەندی قەزا و گوند و ناحییەکان دەستمان كردووه‌ بە ئەنجامدانی چه‌ند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی کە بەشێکیان پرۆژەی تەواونەکراون و بەشێکی تریشیان پرۆژەی تازەن و له‌ئێستاشدا به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ له‌ته‌واو بووندان و به‌شێكیش له‌قۆناغى ته‌واوبووندان و ئه‌وانى دیكه‌ش له‌ئاينده‌يه‌كى نزيكدا ده‌ستیان پێده‌كرێت".

پارێزگارى هه‌ولێر هه‌روه‌ها ته‌ئكید له‌سه‌ر لە خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كرده‌وه‌ و وتى: "له‌ژێر ڕاسپارده‌كانى جه‌نابی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌و ئیماكانیه‌ته‌ى له‌ به‌رده‌ستماندایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا خزمه‌تگوزاریی بگه‌ێنین به‌سه‌رجه‌م گوند و ناحییه‌ و قه‌زاكانى سنوورى پارێزگاكه‌مان و له‌وباره‌يه‌شه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێكى خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ".