پارێزگارى هەولێر، لە هەردوو گوندى (شەمشوولە و کەور)ى سنوورى ناحییەى گوێڕ دوو قوتابخانەى (6) پۆلى کردەوە

پارێزگارى هەولێر، لە هەردوو گوندى (شەمشوولە و کەور)ى سنوورى ناحییەى گوێڕ دوو قوتابخانەى (6) پۆلى کردەوە



سه‌رله‌به‌یانى ئەمڕۆ سێشەمە 2021.10.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ڕزگار محەمەد، قائیمقامى مەخمور و مەسعود نورى، بەڕێوەبەرى ناحییەى گوێڕ و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى ناوچەکە، لە چوارچێوەی پرۆژە هاوبەشەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئۆپ هەولێر کوردستان، لە هەردوو گوندى (شمشولە و کەور)ى سنوورى ناحییەى گوێڕ دوو قوتابخانەى 6 پۆلى کردەوە.

لەوبارەیەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "ئامانجى ئێمە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى کە پێى دەگوترێت ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، ئەوەیە خزمەتى زیاتریان پێشکەش بکرێت، ڕاستە ئەوەى ئەمڕۆ پێشکەشمان کردووە لەگوندەکانى سنوورى ناحییەى گوێڕ خزمەتگوزاری سەرەتایین، بەڵام ئامانج و ویستى ئێمە زۆر لەوە زیاتر و گەورەتر بۆ خزمەتکردنى ئەو ناوچانە، قەزایی مەخموور و ناحییەى گوێڕ ئەو دوو شوێنەن وەکو پارێزگاى هەولێر لە چوارچێوەی پلانەکانى حکومەتى هەرێم و لەژێر ڕێنماییەکانى جەنابی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەمانەوێت باشترین خزمەت گوزاریان پیشکەش بکەین".

پارێزگارى هەولێر لەبارەى گوژمەى پڕۆژەکان و پلانى داهاتووى پارێزگاى هەولێریش بۆ ئەو ناوچەیە وتى: "ئەوە پڕۆژانە بەگوژمەى نزیکەى یەک ملیار دینارە كه‌ ئه‌مڕۆ بەسەرمانکردۆتەوە یاوەخود کراوەتە، هەر ئه‌و پڕۆژانه‌ نین، هێشتا پڕۆژەى دیکەش ماوەن کە کاریان تێدادەکرێت و لە ئایندەشدا چەندین پڕۆژەى دیکەمان دەبێت بۆ ناوچەکە".