پارێزگارى هەولێر: "پێویستە هەموو سەگە بێلانەکان لە شوێنێکى فراواندا پەناگەیەکى تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و لەناو شار دوربخرێنەوە"

پارێزگارى هەولێر:

ئێوارەى دووشەممە 2022.2.21، بەمەبەستى چۆنیەتى چارەسەرکردن و دروستکردنى پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی سەگى بێلانە و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لەسەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى هەولێر و خزمەتگوزارى و ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێزى و ئاژەڵ دۆستان، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى ئه‌وه‌ى گفتوگۆ لەبارەى چۆنەیەتى چارەسەرکردنى دیارەدەى بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و دابینکردنى شوێنێکى تایبەت کرا بۆیان، ئاماژە بە خواست و داواکاریی هاووڵاتیان کرا بۆ دوورخستنەوەیان لەناوشاردا کە دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانییان دروستکردووە، لەوبارەیەشەوە لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پێشنیاز خرانە ڕوو.
پاشان لەڕووى تەندروستیەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بەرەڵایانە لەناوشار خرایە بەرباس کە هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر جەختى لەوەکردەوە، کە ئەگەرچى لەئێستادا لە شاری هەولێر شەڵتەرێک هەیە بەڵام ئەو شەڵتەرە بچووکە و بەرگەی ئەو هەموو سەگە ناگرێت، پێویستە هەموو سەگە بێلانەکان لە شوێنێکى فراواندا پەناگەیەکى تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و لە دەرەوەى شارە کۆبکرێنەوە. لەوبارەیەشەوە ئامادەبووانى کۆبوونەوەى ڕاسپارد بەوردى دیراسەى ئەو دیارەدەیە بکەن و لەزووترین کاتدا چارەسەرێکى گونجاو بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە بۆ ئەوەى دەستنیشانى شوێنێکى فراوان بۆ سەگى بێلانە بکرێت و لەشوێنێکى دوورى شار دألدەیان بدرێت.