پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)ی کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)ی کرد

رۆژی سێشەممە 2022.2.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) و شاندێکى باڵای یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا کەهەریەک لە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگارى هەولێر و نادر سادقى، جێگرى پارێزگارى ئورمیە بۆکاروباری ئابووری و کمال حسێن پور، نوێنەرى هەڵبژێردراوى پیرانشار و سردەشت لە پەلەمانی ئێران و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئامادە بوون، پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى بەڕێزیان جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.
پاشان گفتوگۆ لەبارەى لێکتێگەیشتنى (14) خاڵیەکەی نێوانیان کرا کە دوا بە دوای سەردانى بەڕێز پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین لە ڕێکەوتى 2021.12.26 لەنێوان هەردوولادا واژووکرا، هەردوولا خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا کە دواى واژووکردنى ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنوور بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە و زۆربەى خاڵەکانى کەوتۆتە وارى جێبەجێکردنەوە.
لەکۆتایدا پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێیکرا و جەختى لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی جممجۆڵی بازرگانی لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین نیشاندا.