پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر کرد

رۆژی شه‌ممه‌ 2022.2.26 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە (محەمەد قایە) سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر و شاندێكى یاوه‌رى کرد.
لەدیدارەکەدا، کە دارا جەلیل خەیات، سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر ئامادەی بوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و ته‌ئكید له‌ په‌ره‌پێدان و كاركردنى پێكه‌وه‌یی كرايه‌وه‌، دواتر سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر، بەوردی باسی لەو پڕۆژانه‌ کرد کە لەبەردەستیاندایە و بەفەرمى بەڕێز پارێزگارى هەولێرى بانگهێشت کرد بۆ ئامادەبوون لەو پێشانگا گەشتیارییەى کە بڕیارە لە 2022.3.24 تاوەکو 2022.3.27، بەبەشدارى زیاتر لە 40 کۆمپانیاى گەشتیارى وڵاتى تورکیا و هەرێمى کوردستان و قوبرس و بەشێکى تر لەولاتان لە شارى ئامەد بکرێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر و شاندێكى یاوه‌رى و قەبوڵکردنى بانگهێشتى بەڕێزیان ، جەختى لە پەرەپیدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەردولا کردەوە و ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر دەرگامان کراوەیە بۆ هەر پرۆژەیەکى بازرگانى، پێشەسازى، گەشتیارى، کشتوکاڵی، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیارى و پیشەسازییە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارین، خۆشحاڵ دەبین بەهاتنی کۆمپانیاکانی وڵاتان و کارکردنیان، هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنه‌رانی دەیانەوێت لەهەولێرى پایتەخت وەبەرهێنان بکەن، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەشیان بکەین".
لە کۆتاییدا سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دیاربەکر و شاندێكى یاوه‌رى، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێییان کرا.