بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى خولی هۆشیاری پێش هاوسەرگیری کرایەوە
دواى نیوەڕۆى رۆژی دووشەممە 2022.2.28، بەئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورسمێکدا لە نۆڕینگەى خێزانى ئێواران پڕۆژەى خولی هۆشیاری پێش هاوسەرگیری کرایەوە. ئەم پڕۆژەیە بۆ هاوسەرە تازەکانە پێش مارەکردنیان لەدادگا بۆ ئاشنابوونیان بە ماف و ئەرکەکان و کەمکردنەوەی دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران.
لە رێورەسمەکەدا کە هەریەک لە نەبەزعبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بریکارى وزارتى تەندروستى و د.دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى و نوێنەرانى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە گرنگى و تایبەتمەندى زۆرى هەیە ئاڕاستەى بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى تەندروست و دروستە، ئەگەر بمانەوێت شارێکى تەندروست و کۆمەڵگایەکى تەندروستمان هەبێت دەبێت لە پرۆسەى هاوسەرگیریەکى دروستەوە دەست پێبکەین".
پارێزگارى هەولێر هەروەها وتى: "وەکو پارێزگاى هەولێر دەستخۆشى لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەنى ئەو بیرۆکەیە بوونە یاوەخود هەوڵێکیان داوە بۆ سەرخستنى ئەو پرۆژەیە".