پارێزگاری هەولێر، دواى نۆژەنکردنەوەى ئارامگەی گەنجینەی حەیران و لاوكی كوردی، (حەسەن سیساوە)ى بەسەرکردەوە
دواى نیوەڕۆى رۆژی سێشەممە 2022.4.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتی دیموکراتى کوردستان و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ئیبراهیم شێخەڵا، قایمقامی قەزایی شەقڵاوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، دواى نۆژەنکردنەوەى ئارامگەی گەنجینەی حەیران و لاوكی كوردی، ئەو مرۆڤەی نیو سەددەی تەمەنی لەرێگەی خزمەتكردن بەهونەری كوردی بردە سەر (حەسەن سیساوە)ى بەسەرکردەوە.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگاری هەولێر، دوای خوێندنى فاتیحه ڕایگەیاند: "بۆ ئێمە وەک هەولێر شانازییە لەهەموو بوارەکاندا ئەو پیاو و ژنە گەورانەمان هەیە کە بەشێکی گەورەن لەمێژووی شارەکەمان، شانازی دەکەین بە خارە (حەسەن سیساوایی) گەنجینەی حەیران و لاوكی كوردی، کە یەکێک بوو لە هونەرمەندە جوانانەى شارەکەمان پتر لە نیوسەدە خزمەتى هونەرى ڕەسەنى کوردى و لاوک و حەیرانى کردووه، سڵاو لەڕوى خارە حەسەن و هەموو ئەو مرۆڤە جوانانەى بەشێک بوونە لە مێژووى پێشخستنى کەلتوور و ڕەسانایەتى شارەکەمان و کوردستان".
جێگەى باسە، حەسەن رەسوڵ، ناسراو بە حەسەن سیساوەیی لە ساڵی 1912لە گوندی ئاری سیرەكی دەشتی هەریر، لەدایكبووە، بەڵام زۆربەی تەمەنی لەگوندی سیساوا بەسەربردووە، سیساوایی بەرلەوە بگات بە تەمەنی 14 ساڵان بەهۆی ئەوەی سەردانی دیوەخانی ئاغای سیساوە کردووە و لەوێ دەنگە زولالەكەی سەرنجی دەورووبەری رادەكێشاوە، حەیران و لاوكەكانی حەسەن سیساوایی، بەشێكیان لە چیرۆكی راستەقینە پێكهاتوون و تێكەڵ بە چیرۆكە ئەفسانە كوردییەكان كردووە. لە ساڵی 2004 تووشی رووداوێكی هاتووچۆ دەبێت و هەردوو قاچی دەشكێن، كاریگەری رووداوەكە و هەڵكشانی تەمەن وا لە حەسەن سیساوایی، دەكات، لە حەیران گووتن دووربكەوێتەوە، بەداخەوە لە 10ی كانوونی دووەمی 2015 ئەستێرەی هونەری كوردی خارە حەسەن ماڵئاوای لە هەوادار و هونەری كوردی دەكات، تاكو ئێستاش دەنگ و سەودای هەرماوە و ئارەزمەدانی لەدوای كۆچی حەیران و لاوكەكانی سیساوایی دەڵێنەوە.