بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و پارێزگارى هەولێر، سەنتەری نوێی چارەسەرى نەخۆشانی تالاسیمیا کرایەوە

بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و پارێزگارى هەولێر، سەنتەری نوێی چارەسەرى نەخۆشانی تالاسیمیا کرایەوە


ئێوارەى یەکشەممە 2022.5.8، بەبۆنەى 8ى ئایار رۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمیا، بەئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئەحمەد کانى، بەرپرسى لقى2ى پارتى دیموکراتى کوردستان و زانا مەلاخالید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى ئیدارى و حکومى و پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، لەڕێو رەسمێکدا سەنتەری نوێی چارەسەرى نەخۆشانی تالاسیمیا کرایەوە.
لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بەکردنەوەى ئەم سەنتەرە، پیرۆزبایی لەتووشبوانى تالاسیمیا کرد و سوپاسى ئەو خێرخوازەشى کرد کە ئەرکى دروستکردنى سەنتەرەکەى گرتۆتە ئەستۆ، دواتر تیشکى خستە سەر ئەوەى سەنتەرى چارەسەرى تووشبوانى تالاسیمیا لەڕابردوودا کاریگەرى زۆرى هەبووە لەچارەسەرکردنى تووشبووانى نەخۆشى تالاسیمیا و ڕایگەیاند: "کردنەوەى ئەم سەنتەرە نوێیە کە یەکێکە لە گرنگیەکانى شارەکەمان و لەسەر ڕووبەرى 3300م2 دروستکراوە و لەمانگێکدا دەتوانێ پێشوازى لە 750 نەخۆش بکات بەدڵنیاییەوە یەکێک دەبێت لەو شوێنانەى تووشبووانى تالاسیمیا سوودى زۆرى لێ دەبینن". پارێزگارى هەولێر هەروەها دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و ستافى سەنتەرى پێشوش کرد کە وەکو کەس و کارى خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ نەخۆشانى تووشبوو بە تالاسیمیا کردووە و ڕۆڵى دیار و بەرچاوویان هەبوو لەچارەسەرکردنیان.
دواتر ئاماژەى بەوەدا کە چەندەى مزگەوت پێویست هێندەش دروستکردنى نەخۆشخانە و قوتابخانە پێویستە، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر شانازى بەخێرخوازانى شارەکەمان دەکەین، کەهەمیشە هاوکار و هەماهەنگمان بوونە، لەهەموو ئەو قەیرانانە و کێشانەى بەسەرشارەکەماندا هاتووە، لەکاتى ڕوودانى لافا و ڕووبەڕووبوونەوەى ووشکەساڵى و لەمانگى پیرۆزى ڕەمەزان لەهاوکارى و یارمەتیدانى لێقەوماوان و هەژاران بینیمان چەندە پیاوى گەورە و ئافرەتى گەورەمان هەیە لەشارەکەمان کەبەونیەتەى هەولێرییەکانى پێناسراوە لەڕۆژى تەنگانە و لێقەوماندا بڕیارى دروست دەدەن، نموونەیان زۆربێت، وەکو حکومەت و خەڵکى هەولێر شانازیان پێوەدەکەین".
پاشان له‌لایه‌ن پارێزگارى هەولێر و وەزیرى تەندروستى و ئامادەبووان، سەنتەرى نوێى چارەسەرى نەخۆشانى تالاسیمیا کرایەوە و سەرجەم بەش و هۆبە و شوێنى مانەوەى نەخۆشان بەسەرکرایەوە کە بەشێوە و شێوازێکى سەردەمیانە دروستکراوە.
جێگەى باسە، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کەسێکی تووشبووی نەخۆشییەکە، رێژەیەکی کەمتری خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە و باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ "جین"ەکانەوە دەگوازرێتەوە.