پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق كرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق كرد


ئەمرۆ چوارشەممە 2022.8.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە محەممەد فەزڵ باری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق کرد.

لەدیدارەکەدا، باس لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە بازرگانیەکان و بارودۆخی هاوڵاتیانى بەنگلادیشى لە هەرێمى کوردستان کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر تەئکیدى لەوەکردەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاى هەولێر ئامادەین بۆ هەرئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتیانی بەنگلادیش کە لە هەولێرى پایتەخت و هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ڕایگەیاند: "ئەوان کەمترین کێشەیان هەیە و بەبێ گرفت کارەکانیان ئەنجامدەدەن".

لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە بازرگانیەکان کرا و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان بەگشتى بە گرنگ وەسفکرا و لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکانى وڵاتى بەنگلادیش بکەین".

لەکۆتایدا، باڵیۆزى به‌نگلادیش، وێڕاى ئەوەى سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پیشوازییە گەرمەى کە لێى کرا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌‏وڵاته‌كه‌ى به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ‏هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ بره‌ودان به‌په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى ‏بواره‌كانى هاریكاریى نێوانیان لەهەموو بوارە جیاوەزەکان.‏