بەگوژمەى نزیکەى (500 ملیۆن دینار) قۆناغى دووه‌م و سێیەمى پرۆژەی قیڕتاوكردنی گەڕەكی ڕۆشنبیری دەستیپێکرد

بەگوژمەى نزیکەى (500 ملیۆن دینار) قۆناغى دووه‌م و سێیەمى پرۆژەی قیڕتاوكردنی گەڕەكی ڕۆشنبیری دەستیپێکرد

رۆژی شەممە 2022.9.24، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى قۆناغى دووه‌م و سێیەمى پڕۆژەکە، هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لەئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، قۆناغى دووەم و سێیەمى پرۆژەی قیڕتاوكردنی گەڕەكی رۆشنبیرییان بەسەرکردەوە، كە بەگوژمەى (433 ملیۆن و 640 هەزار دینار) لەسەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
قۆناغى دووەم و سێیەمى پرۆژەکەش بەمشێوەیە:
1- قیڕتاوکردنی چەند شەقامێک لە پشت گۆڕستان/ قۆناغى دووەم، بە گوژمەی 174 ملیۆن و 335 هەزار دینار لەسەر 15% داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، پڕۆژەکە پێکدێت لە ئامادەکردن و قیڕتاوکردنی 14 شەقام و بە ڕووبەری 11900 مەتر.
2- پرۆژەی قیڕتاوکردنی گەڕەکی ڕۆشنبیری پشت گۆڕستان/ قۆناغى سێیەم، بە گوژمەی 259 ملیۆن و 305 هەزار دینار كە لە 17 کۆلان پێکهاتووە و نزیکەی 17600 مەتر قیڕتاو لەخۆ دەگرێت، لەسەر 15%ى داهاتى سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد، داوایان لە تیمەكانی شارەوانی كرد، لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا هەوڵەکانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ خێرا تەواوکردنى پڕۆژەکە، هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكیان لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییان و دانیشتوانى گەڕەكەكە و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەربڕی.