سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ تیمی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق كرد و دووبارە به‌بۆنه‌ی بردنەوەی جامی پاڵەوانیەتیی (کەنداو 25) کە هەفتەی ڕابروو لە بەسرا ئەنجام درا، پیرۆزبایی لێكردن.
لە دیدارێکدا کە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و بەسرا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، بردنەوەی جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆشکرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان ، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى.
هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە، ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ.