گردی قالینج اغا

گردی قالینج اغا


گردی قالینج ئاغا، ناوی نەم گردە لە (قالە انجە) ھاتووە واتە قەڵای گچکە بە بەراوردی لەگەڵ قەڵای ھەولێر، شوێنەکەشی دەکەوێتە دووری (ا کم) لە خوارووی قەڵا ، دەکەوێتە نزیک سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر .
رووبەرەکەی (٣٠.٠٠٠ م٢) بۆ یەکەم جار لە سالێ ( ١٩٦٦ز) پشکنینی تێدا ئەنجام دراوەو بەھۆی ئەو کەلو پەلانەی کە دۆزراونەتەوە توانراوە بزانرێت کە گردی (قالینج اغا) لە چەند سەردەمێکی بە دوای یەکدا ھاتووە. لە ھەزارەی (پێنجەم و چوارەمی پ.ز) مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە کە ئەمەش سەردەمی (حلف, عبید. ورکاْ ) دەگرێتەوە.
گردی قالینج ئاغا یەکێکە لە کۆنترین شوێنە مێژوییەکانی باشووری کوردستان لە شاری هەولێر و دەکەوێتە باشووری قەڵای ئەو شارە. گردەکە لە سێ قۆناغدا لە نێوان ساڵانی 1966 بۆ 1970 هەڵکۆڵینی بۆ کراوە. لە ئەنجامی ئەو هەڵکۆڵینانەدا، کۆمەڵێک شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە گوزارشت لە مێژوو و ژیانی ئەوکاتی دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن.
یەکێک لە شوێنەوارە دۆزراوەکانی گردی قالینج ئاغا، کۆمەڵە گوڕێک کە وەک گۆزە دروست کراون و بۆ ناشتنی تەرم بەکار هاتوون. 49 گۆڕ لەو گردەدا دۆزراونەتەوە و شوێنەوارناسان بەسەر سێ چیندا دابەشیان کردووە. چینی یەکەمی 13 گۆڕ، چینی دووەم 32 گۆڕ و چینی سێیەمیش چوار گۆڕ بووە.
لەناو هەندێک لەم گۆڕانەدا، گۆڕی بچووک بە درێژایی 90 بە 65 سانتیمەتر دۆزراوەتەوە و شوێنەوارناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە نێو ئەو گۆڕانەدا منداڵی لە نێوان تەمەنی دوو بۆ پێنج ساڵ، نێژراون.
رەنگی ئەو گۆڕانە، زەرد، سەوز و قاوەییە و رەنگی قوڕەکەیش، بۆرێکی کراوەیە. 34 گۆڕ لە 49 گۆڕە دۆزراوەکەی گردی قالینج ئاغا بەو شێوەیەن و کای وردیان لەگەڵ قوڕی رەش تێکەڵ کردووە و سووتاندنەکانیشیان لە ژێر پلەی گەرمای بەرز نەبووە. زۆربەی ئەو گۆڕانە روویان بەرەو باکووری رۆژهەڵات یان باشووری رۆژئاوایە.
شوێنەوارناسان دووپاتی دەکەنەوە کە مێژووی ئەو گۆڕانە بۆ پێنج هەزار یان پێنج هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
تەرمی ئەو منداڵانە بە شێوەیەک لە نێو گۆڕە گۆزەییەکاندا دانراون کە بە تەواوی هاوشێوەی دۆخی کۆرپەڵەیە لە نێو منداڵدانی دایکیاندا، ئەوەیش شوێنەوارناسانی تووشی سەڕسوڕمان کردووە.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر دەڵێ، "لە سەرچاوەکان دەردەکەوێ کە لەو سەردەمەدا زانستی پزیشکی زۆر پێشکەوتوو بووە، ئەویش لە شێوازی دروستکردنی ئەو گۆڕانە و هەروەها شێوازی ناشتنی تەرمەکان دیارە، چونکە منداڵەکان وەک چۆن لە منداڵدانی دایکدان، بەو شێوەیە نێژراون".
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر، پێی وایە لەو سەردەمەدا ئافرەت زۆر پیرۆز بووە و پلەی تایبەتی لە نێو کۆمەڵگەدا هەبووە، تەنانەت لە هەندێ ناوچەدا سەرۆک هۆز یان بڕیاردەرێکی گەورە بووە، بۆیە شێوازی گۆڕی منداڵان لە ئافرەت بەستراوەتەوە.
لە نێو ئەو گۆڕانەدا هەندێک کەلوپەل دۆزراونەتەوە وەک مووروو، زیو، زێڕ و خشڵی کۆن کە ئەمانە وەک بابەتی جوانکاری لەگەڵ مردووەکە نێژراون و شوێنەوارناسان پێیان وایە، ئەوانە هیچ پێوەندییەکیان بە مەراسیمی ئاینییەوە نەبووە.
بەشێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە مرۆڤی ئەوکات، باوەڕی بە زیندووبوونەوە هەبووە، بۆیە کەلوپەلی لە نێو گۆڕێک ناوە کە لە شێوەی منداڵدانی ئافرەتە.