بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر.. کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر.. کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.4.20، بە سەرپەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار، قائیمقامی ناوەند، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی گشتی گەشت و گوزار و شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرانی ئاسایشی بازگەکان و پۆلیسی هەولێر و هاتوچۆی هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، نوێنەرانی زیرەڤانی و ئاسایشی هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى كرا، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى جەژنی ڕەمەزانى پیرۆز تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کردەوە و لێژنەی قائیمقامیەتى ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن، و ڕێگە نەدەن کەسانێک جەژنی مانگى ڕەمەزانی پیرۆز بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکەن.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی پارێزگاى بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ڕایگه‌یاند: "بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت کە سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، بەتایبەتى لەڕۆژانى جەژن و پشووەکان کەسانێک دەیانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى، بۆیە دەبێت بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر و وەک یەک تیم، ڕێگرى بکەن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و چاوپۆشى لە هیچ کەس و لایەنێک نەکەن کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى گشتی".

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری و قائیمقامیەتەکانی راسپارد، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان بۆ کرانەوەی سەمونخانە وفرن و خواردنگە و چێشتخانەکان میکانزمێکی گونجاو دابرێژن و هەوڵبدرێت لە ڕۆژانی جەژن کراوەبن.

لە کۆتایدا، لە لایەن ئامادەبووانەوە لە بارەى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بەو بابەتە، گفتوگۆکرا و جەخت لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی هەڵمەتى پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و ده‌رمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو کرایەوە.